عێراق سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند

زووم:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند و دەڵێت، لەگەڵ ئەمریکا لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ داڕشتنی خشتەیەکی زەمەنی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا کە لە ئابی ساڵی رابردووەوە دەستیان پێکردووە، رێککەوتن لەسەر پێویستی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازیی، کە هەڵسەنگاندن بکات بۆ  هەڕەشەکانی داعش و مەترسییەکانی و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و داڕشتنی خشتەیەکی زەمەنیی دیاریکراو و روون، لەبارەی ماوە و بوونی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، لیژنەکە کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی راوێژکارەکان و کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە دژی داعش و گۆڕینی پەیوەندییەکان بۆ پەیوەندیی دوو قۆڵیی گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رووی سیاسی، ئابووری، ئەمنی، سەربازی و رۆشنبیرییەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە هەردوولا ر‌ێککەوتوون لەسەر پاڵشتیکردنی کارەکانی ئەو لیژنەیە و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی، هەروەها عێراق داوای کردووە، کارەکانی لیژنەکە رانەگیرێن، جەختیشیکردەوە لە پابەندبوون بە سەلامەتی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و رێگری لە دروستبوونی گرژی.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button