تورکیا ئاوارەکانى سوریا دەنێرێتەوە وڵاتەکەیان

زووم:

تورکیا پەیتا پەیتا دەیەوێت باری سەرشانی سووک بکات، بۆیە دەستیکردووە بە ناردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە سوورییەکان، زۆرێکیش لەوانە لە ناوچەکانی رۆژئاڤای کوردستان جێگیردەکرێن.

بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە، تورکیا زۆرترین ئاواری سووری تێدا دەژی کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە 2023دا، سێ ملیۆن و 214 هەزار و 780 ئاوارەی سووری هەیە.

تەنها لەم هەفتەیەدا حکومەتی تورکیا لەماوەی یەک رۆژدا و لە رێگەی دەروازە سنووریییەکانی باب سەلامەی حەلەب و گرێ سپییەوە لە رۆژئاوای کوردستان،  970 ئاوارەی سووری گەڕێنراونەتەوە.

زۆرێک لەوانەش لە ناوچە کوردنشینەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارە سورییە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیان جێگیر دەکرێن، بە تایبەت گرێ سپی و سەرێکانی کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019ـەوە لەلایەن ئەو گرووپانەوە کۆنتڕۆڵکران کە نزیکی تورکیان.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار، لەماوەی ئەمساڵدا تورکیا سێیەم جارە ئاوارە سوورییەکان لە دەروازەی سنووری گرێ سپییەوە دیپۆرت بکاتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی 2022دا، تورکیا 72 هەزار ئاوارەی لە دەروازەی گرێ سپییەوە ناردووەتەوە و دواتر دابەشکراون بەسەر ناوچەکانی عەفرین و حەلەب، حەما و شام.

عەلی یەرلیقایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە 23ی تەمموزی 2023 رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی ئەو ساڵەدا، 562 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕێنراونەتەوە بۆ سووریا.

راشیگەیاندووە لە ساڵی 2023 زۆرترین پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕێنراونەتەوە بۆ سووریا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button