نۆ مانگە سودانییەکان لەنێو جەنگ و ئاوارەییدا ژیان دەکەن

زووم:

نۆ مانگە سودانییەکان لەنێو جەنگ و ئاوارەییدا ژیان دەکەن، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نابینرێت، کە عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپا و محەمەد حەمدان دەلۆ ناسراو بە (حمێدتی) فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کۆتایی بە جەنگە خوێناوییەکەیان بهێنن.

ئاژانسی فرانس پرێس راپۆرتێکی لەبارەی جەنگەکە لە شاری ئەلجونییەی ناوچەی دارفورە لە رۆژئاوای وڵاتەکە بڵاوکردووەتەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لیژنەیەکی پسپۆری راسپاردووە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی جەنگەکە.

لیژنەکە لە راپۆرتەکەیدا هێزەکانی پشتیوانی خێرا و میلیشیا عەرەبییە هاوپەیمانەکانی بە ئەنجامدانی دڕندەیی تۆمەتبارکردووە.

بەگوێرەی خەمڵاندنێکی acled تایبەت بە زانیاریی رووداوەکانی جەنگ، لانیکەم 13 هەزار کەس لە جەنگی نێوان ئەو دوو فەرماندە سەربازییەدا لە سودان کوژراون.

بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی ئەو لیژنە پسپۆرەکە، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە راسپێردراون بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی بەسەر سوداندا سەپێنراون، تەنها لە شاری  ئەلجونینەی پایتەختی ویلایەتی دارفۆری رۆژئاوا، لە نێوان 10 بۆ 15  هەزار کەس کوژراون.

ئەو ژمارەیە، ئەو کوژراوانە ناگرێتەوە کە لە جەنگی بەردەوامی نێوان عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەرکانی سوپا و محەمەد حەمدان دەلو جێگری پێشووی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بونەتە قوربانی.

راپۆرتەکە بە وردی باس لە جۆرەکانی توندوتیژی دەکات، تێیدا هاتووە، ئەو هێرشانە لەلایەن محەمەد دەقلو و هاوپەیمانەکانی، بە پلان و هەماهەنگی و ئەنجامدراون، کەمپی ئاوارە و قوتابخانە و مزگەوت و نەخۆشخانەکانیان کردووەتە ئامانج،  قەناس بەدەستەکانیان لەسەر رێگا سەرەکییەکان داناوە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و خەڵکی مەدەنیی سودان و ژنانی دووگیان و ژنانی گەنج بە هەڕەمەکی و بەبێ جیاوازی بکەنە ئامانج.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button