مەکگۆرک دێتەوە ناوچەکە و کار بۆ گەیشتن بە ئاگربەست دەکات

زووم:

پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە، برێت مەکگۆرک، گەورە راوێژکاری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە گەشتێکدا سەردانی میسر و قەتەر بکات.

ئامانج لە سەردانەکە بەردەوامیدانە بەو گفتوگۆیانەی لەبارەی دانوستانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگرتنی شەڕ، بەڕێوەدەچن.

سەردانەکەی مەکگۆرک بەشێکە لەو هەوڵە تازانەی ئیدارەی بایدن بۆ راگەیاندنی رێککەوتنێک لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس دەدرێن

سێ سەرچاوەی تایبەتی ئەمریکی قسەیان بۆ ماڵپەڕی ئاکسیۆس کردووە، دەڵێن، سەردانەکەی مەکگۆرک بەشێکە لەو هەوڵە تازانەی ئیدارەی بایدن بۆ راگەیاندنی رێککەوتنێک لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس دەدرێن، بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوشکردووە، تەنها چارەسەر بۆ گەیشتنە رێککەوتنێکی لەم شێوەیە، راگەیاندنی ئاگربەستە.

مەکگۆرک نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر سەردانی قەتەری کردبوو، بڕیارە ئەمجارە چاوی بە عەباس کامیل وەزیری هەواڵگریی میسر بکەوێت، لەکاتێکدا هەواڵگریی میسر رۆڵی بەرچاوی هەیە لە نێوەندگیریی ئسیرائیل و حەماس.

هەر لەم سەردانەدا مەکگۆرک چاوی بە سەرۆکوەزیرانی قەتەر دەکەوێت، کە وڵاتەکەی دووەم نێوەندگیری کاریگەری نێوان دوو لایەنی شەڕەکەیە.

لە سەردانەکەی پێشوویدا کە هەر ئەم مانگە بەڕێوەچوو، مەکگۆرک لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلدا کۆبووەوە و دوو رۆژیش لەمەوبەر بایدن خۆی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کرد.

ئەو گفتوگۆیانەی ئەنجامی دەدەین، هەستیار و جدین لەبارەی گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان

لەبارەی گفتوگۆکانەوە، جۆن کیربی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەو گفتوگۆیانەی ئەنجامی دەدەین، هەستیار و جدین لەبارەی گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، گوتیشی، هەرچەندە رێککەوتنەکە نزیک نییە، بەڵام لە هەوڵی قورس و جدیداین.

شەوی رابردووش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ناتانیاهۆ رایگەیاند، ئیسرائیل داواکارییەکانی حەماس رەتدەکاتەوە بۆ راگرتنی شەڕ لە غەزە، کە وەک پێشمەرجێک بۆ دانوستان و ئازادکردنی بارمتەکان داوایکردبوو.

لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا حەماس زیاتر لە 240 هاوڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی بە بارمتە گرت، دواتر لە ئاگربەستێکی یەک هەفتەییدا، حەماس 110 بارمتەی ئازادکرد، لە ئێستاشدا لانیکەم 130 بارمتە لای حەماس ماون.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button