زریانێکی موگناتیسی روو لە زەوی دەکات.. زریانی موگناتیسی چییە؟

 زووم:

شارەزایانی ئەکادیمیای زانستەکانی روسیا لە بواری فەلەکناسی دەڵێن، سبەی سێشەممە، زریانێکی موگناتیسی روو لە زەوی دەکات.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی شارەزا روسییەکان، لوتکەی زریانە موگناتیسییەکە کاتژمێر 6:00ی بەیانی رۆژی سێشەممە 23ی کانوونی دووەم بە کاتی هەرێمی کوردستان دەبێت و رەنگە کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەو کەسانەی هەستیارییان بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا هەیە.

زریانی موگناتیسی چییە؟

زریانە موگناتیسییەکان بە یەکێک لە دیاردە ئاڵۆزەکانی فەلەکناسی دادەنرێت و تێکچوونی بەهێزی بواری موگناتیسیی زەوییە، رەنگە لە چەند کاتژمێرێک تا چەند رۆژێک بخایەنێت.

بەگشتی زریانی موگناتیسی بەهۆی کاریگەرییەکانی “بای خۆری”یەوە دروست دەبێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ناسا، بای “خۆری” بریتییە لە ژمارەیەکی بێکۆتا لە تەنۆچکە و وزە و شەپۆل، کە لە خۆرەوە دەردەچن بۆناو سیستمی خۆریی و بەر هەسارەکانی ناو سیستمەکە دەکەون، لەنێویشیاندا زەوی.

بەگشتی پەستانی “بای خۆری” و پەستانی بواری موگناتیسیی زەوی هاوسەنگن، بەڵام کاتێک خێرایی بای خۆری زیاد دەکات ئەم هاوسەنگییە تێکدەچێت، ئەم کارلێکە لەنێوان “بای خۆری” و بواری موگناتیسیی زەوی بە “زریانی موگناتیسی” ناسراوە.

زانایان پیتی “G” بۆ ئاماژەکردن بە ئاستی بەهێزیی زریانی موگناتیسی و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و کەرتەکانی کارەبا و پەیوەندی و بوارەکانی دیکە بەکاردەهێنن، ئاستەکانی بەهێزی زریانی موگناتیسی بەسەر پێنج ئاستدا دابەشدەبن، “G1  تا G5″، ئاستی “G1”  هیچ کاریگەرییەکی ئاشکرای نییە و مرۆڤ هەستی پێناکات، بەڵام ئاستی “G5” کێشەی بەرفراوان لە بواری تۆڕی کارەبا و مانگە دەستکردەکان و پەیوەندییە بێتەلەکان دروستدەکات.

بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئاستی زریانە موگناتیسییەکەی سبەینێ “G1” دەبێت.

 

بەگشتی ئەو کەسانەی هەستیارییان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، یان کێشەی دڵ و خوێنبەرەکانیان هەیە، دەکەونەژێر کاریگەرییەکانی زریانی موگناتیسییەوە، باوترین ئەو نیشانانەی کاتی زریانی موگناتیسی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەردەکەون بریتین لە، “سەرئێشە، ناڕێکیی لێدانی دڵ، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، کەمخەوی و بێهێزی”، ئەو کەسانەش کە کێشەی دەروونییان هەیە بارودۆخی دەروونییان زیاتر تێکدەچێت.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button