کەى ئەنجوومەنى پارێزگاکان یەکەم کۆبوونەوە دەکەن و پارێزگار هەڵدەبژێرن؟

زووم؛

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسەندکرد کە 18ـى مانگى رابردوو لە کەرکوک و 14 پارێزگاى دیکەى عێراق بەڕێوەچوو بوو.

پاش پەسەندکردنى ئەنجامەکان، ئیدى ئەرکى کۆمسیۆن کۆتایی دێت و پێویستە لە ماوەکانى داهاتوو ئەنجوومەنى هەڵبژێردراوى پارێزگاکان کۆببنەوە و پارێزگارى تازە بۆ پارێزگاکان دیارى بکەن.

بەگوێرەى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، لە رۆژى پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە، پارێزگار لەماوەی 15 رۆژدا بانگەواز دەكات بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەگەر پارێزگار لەو ماوەیەدا بانگەوازی نەكرد، ئەوا ئەنجوومەنی پارێزگاى تازە خۆبەخۆ لە رۆژی شازدەیەمدا كۆدەبێتەوە، بەمپێیەبێت دەبێت تا شەشى شوباتى 2024 ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق یەکەم کۆبوونەوەى خۆیان گرێبدەن.

یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەدەچێت و لەماوەی یەک مانگدا لە ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، پێویستە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکان، وەک “ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا” سوێندنی یاسایی بخۆن.

پاش سوێندخواردنى ئەندامان، یەکەم کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی سەرۆکێکە بۆ ئەنجوومەن کە بە زۆرینەى رەهاى دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەن دەبێت، ئەگەر لە خولى یەکەمى دەنگدان هیچ کاندیدێک سەرکەوتوو نەبوو لە هێنانى دەنگى پێویست، ئەوا لە خولى دووەمدا ئەو کاندیدەى زۆرینەى هێنا دەبێتە سەرۆکى ئەنجوومەن و جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنیش بەهەمان میکانیزم هەڵدەبژێردرێت.

هەڵبژاردنى پارێزگار و دوو جێگرەكەی یەکێکى دیکە دەبێت لە ئەرکە سەرەکییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا، کە دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا لە رێكەوتی یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنەوە، پارێزگار و جێگرەکانى بە دەنگدانى ئەندامانى ئەنجومەن هەڵبژێردرێن، واتە ئەگەر ئەنجومەنى پارێزگاکان لە شەشى شوباتى داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەى خۆیان ببەستن، ئەوا دەبێت تاوەکو شەشى ئازارى داهاتوو پارێزگار و جێگرەکانیشى هەڵببژێرن.

هەڵبژاردنى پارێزگار بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت و ئەگەر هیچ کاندیدێک نەیتوانى ئەو رێژەیە بەدەستبهێنێت، لەهەمان دانیشتندا دەنگدانێكی دیکە رێكدەخرێت، لە دەنگدانی دووەمدا هەر كاندیدێك زۆرینەی بەدەستهێنا، دەبێت بە پارێزگار.

بەگوێرەى یاساى ئەنجوومەن، مەرج نییە کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بێت، بەڵکو کەسانى دەرەوەی ئەنجوومەنەکەش دەتوانن ببن بە پارێزگار.

پاش هەڵبژاردنی پارێزگار، لە ماوەی 15 رۆژدا مەرسومی کۆماری بۆ دەردەچێت و دوای ئەوە بەشێوەیەکی یاسایی لە پۆستی پارێزگاردا بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی بۆی دیاریکراوە، دەست بەکارەکانی دەکات.

ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پلەکانیان “بەڕێوەبەری گشتی”ـە هەروەها پارێزگاریش پلەكەی “بریکاری وەزیر”ـە و بەگوێرەی یاساش هەموو دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانیان دیاریکراوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button