ئاسایش دەڵێت، بانگێشتکردنى مامۆستاکان لەسەر داواى پەروەردە بووە

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بۆ زووم: ئاگاداری ئەو بابەتە نین

زووم

دواى شەش کاتژمێر ئەو نوێنەرانەى مامۆستایانى ناڕازیی سلێمانى ئازادکران کە لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەرکرابوون، یەکێک لە مامۆستاکانیش بە زوومى گوت رەتیانکردووەتەوە بەڵێننامە پڕبکەنەوە بۆئەوەى بەشداریی خۆپیشاندان نەکەن.

عەقید سەلام عەبدولخاق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە زوومى راگەیاند، ژمارەى مامۆستاکان 12 کەس بوون و ئێستا لاى ئەوان نەماون و گەڕاونەتەوە ماڵى خۆیان.

راشیگەیاند، بانگێشتکردنى ئەو مامۆستایانە بەگوێرەى مادەى 240 بووە لە یاساى سزادانى عێراقى و لەسەر داواى پەروەردە بووە بەوپێیەى مامۆستاکان سەرپێچى بڕیارەکانى پەروەردەیان کردووە و نەگەڕاونەتەوە هۆڵەکانى خوێندن.

زووم پرسیارى ئەوەى کرد کە ئایا بانگێشتکردنى ئەم مامۆستایانە کارى پۆلیسە یاخود ئاسایش، سەلام عەبدولخاق گوتى، پەروەردە لە ئاسایش سکاڵاى تۆمارکردووە و ئەوانیش جێبەجێیان کردووە.

هەر لەسەر ئەو پرسە زووم قسەى لەگەڵ سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەى حکومەتى هەرێم کرد، بەڵام ئەو گوتى ئاگاداری ئەو بابەتە نین کە ئاسایش باسى دەکات و هیچ لێدوانێکیشی لەبارەوە نادەن.

لەلایەکى دیکەوە عادل حەسەن، یەکێک لە مامۆستایانى ناڕازیی پاش ئازادبوونى لە ئاسایش بە زوومى گوت، داوایانلێکرا بەڵێننامە پڕبکەنەوە کە خۆپیشاندان نەکەن، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە و سبەینێش خۆپیشاندانە و وەکو جارەکانى پێشوو بەشداریی دەکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button