ژمارەکەى کاسترۆى شکاند.. پەرلەمانتارێکى چیکى گوتارێکى 11 کاتژمێرى پێشکەش دەکات

زووم:

تۆمیۆ ئۆکامورا، ئەندامى پەرلەمانى چیک کە بە رەگەز ژاپۆنییە، دوێنێ پێنجشەممە لە بەردەم پەرلەمانى وڵاتەکەیدا گوتارێکى پێشکەشکرد کە نزیکەى 11 کاتژمێرى خایاند بەبێ پچڕان.

ئۆکامورا سەرۆکى پارتى سۆسیالیست دیموکراتى ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانى چیک، ساڵى رابردووش درێژترین گوتارى لە مێژووى پەرلەمانى ئەو وڵاتە پێشکەشکردبوو کە ماوەکەى حەوت کاتژمێر و حەوت خولەک بوو، بەڵام لە گوتارەکەى دوێنێیدا ژمارە پێوانەییەکەى ساڵى رابردووى خۆى شکاند و بۆ ماوەى 10 کاتژمێر و 44 خولەک بەبێ پچڕان قسەى کرد.

ئەم سیاسەتکارە چیکییە لە کاتژمێر نۆى بەیانى دەستی بە پێشکەشکردنى گوتارەکەى کرد، پاش چوار کاتژمێر داواى مۆڵەتى لە سەرۆکى پەرلەمان کرد کە چاکەتەکەى داکەنێت، پاش دوو کاتژمێر داوایکرد ئاوى بۆ بهێنن، رەنگە ئۆکامورا بیتوانیایە تاوەکو بەیانیش قسە بکات ئەگەر رێسکانى پەرلەمان رێگەیان پێ بدایە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینى کاتژمێر نۆى شەو، دانیشتنەکە بۆ رۆژى دواتر هەڵگیرا.

ئۆکامورا بە پێشکەشکردنى ئەم گوتارە، توانى ژمارە پێوانەییەکەى فیدڵ کاسترۆى رێبەرى پێشووى کوبا بشکێنێت، کاتێک لە شوباتى 1998 دووبارە بە سەرۆکى کوبا هەڵبژێردرایەوە، لە بەردەم پەرلەمانتاراندا بۆ ماوەى حەوت کاتژمێر و 15 خولەک بەبێ پچڕان قسەى کرد.

هەواڵی زیاتر

Back to top button