هاکان فیدان ناڕەزایەتییەکانی تورکیا لە یەکێتی لە چوار خاڵدا کۆکردووەتەوە

زووم:

ھاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا سێشەممەى رابردوو لە بەردەم پەرلەمانى وڵاتەکەى قسەى لەبارەى زۆرێک لە کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە کرد، یەکێک لەوانە پەیوەندییەکانى تورکیا بوو لەگەڵ سلێمانى و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە چەند ساڵێکە بەراورد بە رابردوو ناسەقامگیرتربووە.

هەر زوو ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵو بەشێک لە قسەکانى هاکان فیدانى لەبارەى یەکێتى بڵاوکردەوە کە رایگەیاندبوو “تورکیا سڵناکاتەوە لە گرتنەبەرى هەنگاوى زیاتر دژى یەکێتى ئەگەر هەڵوێستەکانى نەگۆڕێت”، لەمەدا مەبەستى هەڵوێستەکانى یەکێتى بوو بەرامبەر پارتى کرێکارانى کوردستان.

لە تازەترین پێشهاتدا کەناڵى سى ئێن ئێن تورک بەشێکى دیکەى قسەکانى هاکان فیدانیان لە دانیشتنەکەى پەرلەماندا لەبارەى یەکێتى و سلێمانى بڵاوکردووەتەوە، فیدان نیگەرانییەکانى ئەنقەرەى لە یەکێتى بە چوار خاڵى سەرەکى دیاریکردووە.

فیدان گوتوویەتى “بۆ تورکیا یەکلابووەتەوە کە یەکێتی وەک هاوپەیمانى خۆى لە پەکەکە دەڕوانێت”.

فیدان نیگەرانییەکى دیکەى تورکیاى گەڕاندووەتەوە بۆ گرژییەکانى نێوان یەکێتی و پارتى و گوتوویەتى، تادێت گرژییەکانى یەکێتى لەگەڵ حکومەتى پارتى لە هەولێر زیاتر دەبێت.

وەزیرى دەرەوەى تورکیا بە راشکاوى گوتوویەتى لە پاش کۆچی دوایی مام جەلالەوە پەیوەندى نێوان تورکیا و یەکێتى پاشەکشەى کردووە، ئەمەش لە ئەنجامى ململانێى نێوان بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى بۆ بەدەستهێنانى دەسەڵات پەیوەندییان دروستکردووە.

فیدان نیگەرانییەکى دیکەى گەڕاندووەتە بۆ سەردەمى شەڕى داعش و دەڵێت، ئەو ناوچانەى خاڵى بوون لە پاش کشانەوەى داعش، لەسەر بانگەشەى پارێزگارى ئەوکاتى کەرکوک، پەکەکەى لێ جێگیرکرا، بەتایبەت لە ناوچەى شەنگال.

ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى تورکیا لە پارێزگاى سلێمانى بە پاساوى بوونى ئەندامانى پارتى کرێکارانى کوردستان تا دێت زیاتر دەبێت، بەرپرسانى ئەو وڵاتە دەڵێن ساڵى رابردوو نزیکەى 100 ئەندامى پەکەکەیان لە سنوورەکە کوشتووە.

جگە لەوە، تورکیا فشار و گەمارۆى خستووەتەسەر پارێزگاى سلێمانى و چەندین رێکارى گرتووەتەبەر:

_ لە مانگى نیسانى 2023ـەوە گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى بە ئاسمانى تورکیادا داخراوە.

_ کەناڵى سى ئێن ئێن تورک واى بڵاوکردووەتەوە کە نووسینگەی پێدانى ڤیزەى تورکیا لە سلێمانى داخراوە، بەڵام بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى زووم تائێستا نووسینگەکە دانەخراوە و پێدانى ڤیزە بەردەوامە.

_ رێکارێکى دیکەى تورکیا ئەوەیە ناچێتە هیچ رێککەوتنێکى ئابوورى و سیاسییەوە لەگەڵ سلێمانى.

-هیچ داواکارییەکى یەکێتى بۆ سەردانى دیبلۆماسی بۆ تورکیا قبوڵ ناکرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button