مەسرور بارزانی: داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەم بەرامبەر بەم ستەمکارییە بێنە دەنگ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لەبارەى هێرشەکە موشەکییەکەى سەر هەولێر رایگەیاند، “بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەرمەزار دەکەم.

کاتژمێر 11:30ی شەوی رابردوو “سوپای پاسدارانی ئێران” بە موشەکی بالیستیکی هێرشى کردە سەر هەولێر، بەگوێرەى راگەیەندراوى ئەنجومەنى ئاسایشی هەرێمى کوردستان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، تەندروستی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.

مەسرور بارزانی دەڵێت، داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەم هەڵوێستی توندی هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم لەسەر ئەو “ستەمکارییە”ـی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ.

مەسرور بارزانی دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێتاوانی کوردستان.

سوپاى پاسدارانى ئێران هێرشەکەى لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، “لە هێرشەکەدا بارەگایەکى سەرەکیی سیخوڕى دەزگاى موسادى ئیسرائیلمان لە هەرێمى کوردستان کردووە ئامانج”.

سوپاى پاسداران دەڵێت، هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ کردەوەکانى ئەمدواییەى ئیسرائیل و “شەهیدکردنى سەرکردەکانى سوپاى پاسداران و بەرەى مقاوەمە”. هەڕەشەى بەردەوامبوونیشیى دەکات.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەین و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین.

ئەو دەڵێت، ئێمە دژی هێرشە موشەکییەکانی ئێرانین و پشتگیری لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق دەکەین.

هاوکات ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر هیچ کارمەندێک یان دامەزراوەیەکى ئەمریکا بە ئامانج نەگیراوە.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button