داڤۆس لە سەدەی هەژدەوە شوێنی دڵخوازی دەوڵەمەندەکانە

زووم:

داڤۆس شارۆچکەیەکی بچووکە، دەکەوێتە سەر بەرزایی زنجیرەچیاکانی ئەڵپ لە رۆژهەڵاتی سویسرا و سەر رووباری “لاندویسەر”، دڵڕفێنییەکەی وای کردووە ببێتە رووگەیەکی گەشتیاری، بەفر و کەشە زستانییەکەشی وایکردووە چەندین چالاکیی بەرفراوانی وەرزشی و یارییە بەفرییەکانی تێدا ئەنجامبدرێت.

داڤۆس لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە و لەگەڵ کۆچی رۆمانییەکان ساڵی 1280 ئاوەدانکرایەوە، خانەدانانی ناوچەکە فەرمانیان دەرکرد رێگە بە ئەڵمانیزمانەکان بدەن لە شارەکەدا بژین و هەموو مافێکیان هەبێت.

مێژووی داڤۆس

لە ناوەڕاستی سەدەی 18، داڤۆس بووە شوێنی دڵخوازی دەوڵەمەندەکان و ئەوانەی بەدوای چارەسەری سروشتیدا دەگەڕێن، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشیی سییەکانەوە دەناڵێنن.

مۆزەخانە

مۆزەخانەی “کریچنەر” لە داڤۆس، بە یەکێک لە گەورەترین مۆزەخانەکانی جیهان ئەژماردەکرێت، ساڵی 1992 کراوەتەوە و کۆمەڵێک بەرهەمی هونەرمەندی ئەڵمانی “ئێرنست لۆدڤیگ کیرچنەر” لەخۆدەگرێت.

ئەو هونەرمەندە لە ساڵی 1918 تا ساڵی 1938 لە داڤۆس ژیاوە، شارە بچووکەکە ئیلهامبەخشێکی گەورە بووە بۆی و لە کارە هونەرییەکانیدا رەنگیداوەتەوە.

دەریاچە و وەرزشە زستانییەکان

دەریاچەی داڤۆس، یەکێکە لە گرنگترین دەریاچە سروشتییەکانی شارەکە، دەڕژێتە ناو رووباری راین، رووبەرەکەی 59 هێکتارە و سەرچاوەی دەستخستنی وزەی کارەبایە.

شاخ و بەرزاییە بەفرینەکانی داڤۆس وایکردووە ببێتە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی وەرزشی خلیسکێنەی سەر بەفر فراوانترین جێگەی بۆ ئەو وەرزشە زستانەیە هەیە.

هەروەها یەکێک لە جوانترین و بەناوبانگترین یاریگاکانی هۆکی تێدایە،  “ڤایلان ئەرینا”، کە توانای پێشوازیکردنی زیاتر لە 7 هەزار و 700 تەماشاکار هەیە، گرنگترین رووداوە وەرزشییەکانی وەک جامی “شپێنگلەر” و یارییە سەهۆڵییە ئاستبەرزەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت.

لە مۆزەخانەی “کریچنەر”یش کەرەستە و بەڵگەنامەی گرنگی تایبەت بە مێژووی یارییە بەفرییەکان و وەرزشی زستانە نمایشکراون.

باخچەی “ئەلبینۆم چات زالپ”

ناوەکە واتا “باخچەی گوڵەکانی ئەلپ”، ئەم باخچەیە دەکەوێتە بەرزی هەزار و 861 مەتر لە نێوان بەرزاییەکانی چیای ئەلپ، سێ هەزار و 500 جۆری رووەک و گوڵی تێدایە، کە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا گەشە دەکەن، لە مانگەکانی حوزەیران و تەموز کاتێک گوڵەکان دەگەشێنەوە، دیمەنێکی سەرسوڕهێنەریان هەیە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button