ئەکسیۆس: بایدن 20 رۆژە قسەی لەگەڵ ناتانیاهۆ نەکردووە

زووم:

بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لە پەیوەندیی خراپی نێوان بایدن و ناتانیاهۆ، دەڵێن، چیتر سەرۆکە ئەمریکییەکە پشوودرێژیی بەرامبەر بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نەماوە.

پێگەی ئەکسیۆسی جیهانی نەمانی پشوودرێژییەکەی بایدنی کردووە بە مانشێتی راپۆرتێکی تایبەت، چوار بەرپرسی ئەمریکی قسەیان بۆ کردووە، دەڵێن، سەرۆک و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەمریکا زۆر نیگەران و توڕەن لە بنیامین ناتانیاهۆ بەهۆی رەتکردنەوەی داواکارییە نوێکانی ئیدارەی بایدن لەبارەی جەنگی غەزە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، بایدن هەموو پشتیوانییەکی بێپێشینەی سەربازی و دیپلۆماسیی بۆ ئیسرائیل خستەروو، بەڵام لەپشت پەردەوە، رۆژ لەدوای رۆژ ئاماژەکان لەبارەی نیگەرانییەکانەوە زیاتر پەرەدەسێنن.

دۆخەکە بەڕادەیەک خراپە، بەرپرسە ئەمریکییەکان بە ئەکسیۆسیان گوتووە، “بارودۆخەکە خراپە و ئێمەش گیرمان خواردووە”.

“کریس ڤان هۆڵین” سیناتۆری  دیموکراتەکان، کە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی جەنگی غەزە، بە پێگەکەی گوتووە، لە هەر گرفتێکدا، ناتانیاهۆ پەنجەی تۆمەت بۆ بایدن درێژ دەکات، بەڵام بەردەوام لەوەڵامدا بەرپەرچ دەدرێتەوە و بەتوندی دەدرێتەوە بەڕوویدا”.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، بایدن 20 رۆژە قسەی لەگەڵ ناتانیاهۆ نەکردووە، لەکاتێکدا پێشتر بەنزیکەیی دوو رۆژ جارێک قسەیانکردووە.

کۆتا پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ 23ی کانوونی یەکەم، کاتێک بایدن بەتوڕەییەوە کۆتایی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە هێناوە، بەهۆی ئەوەی سەرۆکوەزیرانە ئیسرائیلییەکە داوایەکی سەرۆکی ئەمریکای رەتکردووەتەوە سەبارەت بە رادەستکردنی داهاتی باج بە فەڵەستینییەکان.

پێگەی ئەکسیۆس ئاشکرایکردووە، بێهیوایی بایدن دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەڵستی و رەتکردنەوەی داواکارییەکانی لەلایەن ناتانیاهۆ، لەکاتێکدا قسە و داواکارییەکانی بایدن خواستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشە.

جگە لە داواکاریی ئەمریکا بۆ رادەستکردنی باج بە فەڵەستییەکان، بایدن پێیانوایە، ئیسرائیل کاری پێویستی نەکردووە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەکەرتی غەزە، هەروەها ناتانیاهۆ پەرۆش و جدی نییە بۆ وتووێژکردن لەسەر پلانی رادەستکردنی کەرتی غەزە بە دەسەڵاتی فەڵەستینی لە دوای کۆتایی جەنگ، ئەمە جگە لە درێژەکێشانی پرۆسە سەربازییەکانی ئیسرائیل.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button