غەزە.. 100 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگ تێپەڕی

زووم..

هەڵدانی هەزاران مووشەک لە کەرتی غەزەوە بەرەو ئیسرائیل بووە سەرەتای ئەو جەنگەی 100 رۆژی تێپەڕاندووە و دیاریش نییە چەند رۆژی دیکە بەردەوام دەبێت.

بەرەبەیانی رۆژی حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، نزیکەی هەزار چەکداری کەتیبەکانی قەسام کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسن، لە سێ بەرە و بە سێ شێوەی جیاواز لە کەرتی ‌غەزەوە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی و زەمینییان کردە سەر چەند شار و شارۆچکە و کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل و تاکو هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل وەخۆکەوتن، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلیی کوژران، هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار و 400 ئیسرائیلیی دیکە بریندار بوون، هەروەها چەکدارەکان 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلی و بیانییان رفاند و گەڕانەوە بەرەو تونێلەکانی ژێر شاری غەزە.

 

دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیران ئیسرائیل، لە تەلئەبیبەوە دەرکەوت و دەستپێکردنی جەنگی راگەیاند، گوتیشی، ئەوەی روویدا هێرشێک نەبوو وەک هێرشەکانی رابردوو، بەڵکو ئیسرائیل بە کرداریی لە جەنگدایە، هەڕەشەی ئەوەشی کرد، غەزە دەکەن بە شوێنێک چیتر بۆ ژیانکردن نەبێت و هەرواشی کرد.

 

هەمان شەو ئیسرائیل بە هەڵدانی هەزاران مووشەک بەرەو کەرتی غەزە دەستی بە هێرش کرد، جەنگی مووشەکیی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە چەندین هەفتە درێژەی کێشا و دواتر سوپای ئەو وڵاتە لە چەند ئاڕاستەکەیەوە بەرەو غەزە جوڵەیان کرد و شەڕیان بردە نێو قوڵایی خاکی ئەو کەرتە، تائێستاش شەڕ و پێکدادانەکان درێژەیان هەیە و بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، لە حەوتی تشرینی یەکەمەوە 23 هەزار و 843 فەڵەستینیی کوژراون، هەروەها 60 هەزار و 317 کەسی دیکە بریندار بوون، ژن و منداڵ زۆرینەی قوربانییەکان پێکدەهێنن.

 

ئیسرائیل هەر یەکەم رۆژی جەنگەکە ئامانجەکانی خۆی لە هێرشەکانی دیاریی کرد، ئامانجەکانیش:

 

· ئازادکردن و گەڕاندنەوەی سەرجەم رفێندراوەکان

· لەناوبردنی تەواوەتیی حەماس و کوشتن یان دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئەو گروپەیە

 

بەڵام دوای 100 رۆژ لە جەنگ هیچکام لەو ئامانجانەی وەک پێویست بەدەستنەهێناوە، جگەلەوەی لە ماوەی 24ی تشرینی دووەم تاکو 30ی هەمان مانگ لە ساڵی رابردوو، بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل راگەیەندرا و حەماس نزیکەی 100 بارمتەی ئازاد کرد، بەڵام هێشتا 136 بارمتەی لە دەست ماون کە 19 کەسیان بیانیین، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل زیاتر لە 200 زیندانیکراوی فەڵەستینیی لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا ئازادکرد.

 

100 رۆژی جەنگ، ماڵوێرانیی گەورەی بۆ فەڵەستینییەکان بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێک لە کۆی دوو ملیۆن و 200 هەزار دانیشتووی غەزە، نزیکەیە یەل ملیۆن و 900 هەزار کەسیان ئاوارە بوون و لە خێوەت و کەمپەکاندا لە رەوشێکی خراپدا دەژین و چاویان لە هاوکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button