رۆیتەرز: هێرشەکانی یەمەن ئێران راناکێشێتە نێو جەنگی راستەوخۆوە

زووم:

 

ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرز لە زارى دوو سەرچاوەى نزیک لە بەرپرسانى ئێران بڵاویکردەوە، ئێران نایەوێت راستەوخۆ بچێتە نێو ئەو جەنگەى لە دوێنێوە لەنێوان ئەمریکا و حوسییەکان سەریهەڵداوە، بەرەبەیانى دوێنێ ئەمریکا و بەریتانیا هێرشێکى فراوانیان کردە سەر حوسییەکان لە یەمەن، ئەمڕۆش ئەمریکا لە رێگەى موشەکەى تۆماهۆکەوە هێرشێکى دیکەى کردە سەر حوسییەکان.

هێرشەکە مەترسی سەرهەڵدانى شەڕ و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکەى زیاترکرد، بەڵام وەزارەتى دەرەوەى ئێران کەمێک دواى هێرشەکەى رۆژى هەینى، داوای لە گۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد بەرپرسیارانە مامەڵە بۆ رێگرى لە شەڕى ناوچەکە بکات.
ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، وەڵامی هێرشی حوسییەکان لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا ئەو شەڕەی بە هۆی ئاڵۆزییەکانی غەزە و ئیسرائیلەوە هەڵگیرساوە، کرد بە شەڕێکی نێودەوڵەتیی، ئەمەش لەکاتێکدایە هاوپەیمانەکانی ئێران لە وڵاتانی لوبنان، سوریا و عێراقەوە دەستیان بە ئەنجامدانی هێرش کردووە.

 

ئێران پێناچێت راستەوخۆ خۆی بخاتە نێو جەنگەکەوە

عەلی ڤایز، شرۆڤەکار و شارەزا لە سیاسەتی ئێران لە کۆمەڵەی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت، زۆر روون و ئاشکرابوو کە تا شەڕی غەزە زیاتر درێژە بکێشێت، مەترسییەکانی فراوانبوونی ئەو جەنگە زیاتر دەبێت، ئەو دەڵێت، “ئێران پێناچێت راستەوخۆ خۆی بخاتە نێو جەنگەکەوە، تا ئەو کاتەی لەسەر خاکی خۆی هێرشی نەکرێتەسەر.” بەڵام هێرشی حوسییەکان لە دەریای سووردا بەردەوام دەبێت.

لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، سعودیە داوای دانبەخۆداگرتنی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە مانگی رابردوو، ناوی سعودیە لەو لیستەدا نەبوو کە ئەمریکا وەک هاوپەیمانییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی حوسییەکان لە دەریای سووردا پێکیهێنا.

عەلی ڤایز دەڵێت، وڵاتانی کەنداو هەوڵدەدەن خۆیان لەو ئاڵۆزییانەی ناوچەکە تێوەنەگلێنن، بۆئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا بەباشی بهێڵنەوە, لەبارەی هێرشەکەی رۆژی هەینی بۆسەر خاکی یەمەن، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو هێرشانە سووتەمەنیی بە ئاگریی نائاسایشی و ناسەقامگیریی ناوچەکەدا دەکەن.

بەڵام دوو سەرچاوەی نزیک لە بەرپرسانی باڵای ئێران بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئێران نایەوێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە شەڕەکەوە تێوەبگلێت، بەڵکو ئەوەی ئێران دەیەوێت پشتیوانیکردنە لەو تۆڕە هاوپەیمانەی کە لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ وڵاتانی کەنداو درێژ دەبێتەوە و بە بەرەی مقاوەمە ناسراوە و دژایەتی ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن.

هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی ئێران، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسەکەی گوتووە، حوسییەکان خۆیان بڕیار لەبارەی کارەکانیانەوە دەدەن و ئێمە پشتیوانیی لە شەڕەکەیان دەکەین، بەڵام ئێران لەگەڵ ئەوەدانییە شەڕی سەرتاسەریی لە ناوچەکەدا هەڵبگیرسێت.

هەمان سەرچاوە گوتویەتى، ئەوی پێویستە شەڕانگێزییەکە بوەستێنێت ئیسرائیل و ئەمریکان. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستی هەیە لە هێرشی حوسییەکان لە دەریای سووردا. بەڵام ئێران نکۆڵی لەوە دەکات و دەڵێت، گرووپەکە خۆیان بڕیار لەبارەی کارەکانیانەوە دەدەن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button