دەم پارتى و جەهەپە رێککەوتنیان بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان نییە

 زووم..

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژى دەم پارتى رایگەیاند، سەبارەت بە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لەگەڵ جەهەپەدا لە گفتوگۆداین، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێکمان نەکردووە.
ئایشەگول دۆغان، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لە بارەگاى سەرەکى دەم پارتى لە ئەنقەرە گوتى، “بە هەڵبژاردنێکى گرنگدا تێدەپەڕین، دەمانەوێت ئیرادەى دەنگى خەڵک لەسەر سندوقەکان و لەسەردیاریکردنى کاندیدەکانمان بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان رەنگبداتەوە”.

رۆژى 31ـى ئازارى ئەمساڵ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت، سەرۆکى گەورەشاروانى ئەستەنبوڵ ئامانجى سەرەکى جەهەپە و ئاک پارتییە. موراد قورم، کاندیدى ئاک پارتییە.

جەهەپە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆى کاندیدکردووەتەوە، کە لە هەڵبژاردنى ساڵى 2019ـدا بەسەر کاندیدى ئاک پارتیدا سەرکەوت، ئەوکات دەنگى هەدەپە بە دەنگى یەکلایکەرەوە وەسف دەکرا.

ئایشەگول دۆغان دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە کردووە، بۆ ئەو مەبەستە لەم هەڵبژاردنە بۆ یەکەمجار ئەم پراکتیکە جێ بەجێ دەکرێت.
جیاوازتر لە پارتە سیاسییەکانى دیکە رۆژى شەممە و یەکشەممەى هەفتەى داهاتوو، لە 90 شوێنى هەڵبژاردن سندوق دادەنرێن بۆئەوەى خەڵک دەنگ بەو کەسانە بدات، کە خوازیارن خۆیان کاندید بکەن.

گوتەبێژى دەم پارتى رایگەیاند، نزیکەى 100 چاودێرى سیاسیی پارتەکەمان سەرپەرشتى پڕۆسەى دەنگدانى دەستنیشانکردنى کاندیدەکانمان دەکەن. لەوانەش لە پارێزگاى ئامەد 20 هەزار چاودێرمان لەسەر سندوق هەن، بەهەمانشێوە لە باتمان، وان، مێردین و پارێزگاکانی دیکەى باکوورى کوردستان چاودێرمان داناوە. “گەل خۆى کاندیدى خۆى لە شار و شارۆچکەکەى خۆى دیاری دەکات دواتر بەگوێرەى زۆرینەى دەنگەکان لەلایەن ئەنجومەنى پارتەکەمانەوە کاندیدەکان ئاشکرا دەکرێن”.

4000 کەس لە دەم پارتى رکابەرى یەکدى دەکەن

گوتەبێژى دەم پارتى رایگەیاند، 4000 کەس بۆ هەڵبژاردنەکەى 14 و 15ـى ئەم مانگە، بۆ هاوسەرۆکى گەورە شارەوانیی، ئەنجومەنى شارەوانى و شارەوانیی قەزاکان رکابەرى دەکەن.
ئەو دەڵێت، کار بۆ هەڵبژاردنێکى بێگەر و دادپەروەر دەکەین، بۆ هەر کاندیدێکى هاوسەرۆکشارەوانى ئەگەر بێت و لە دەنگدانەکە 50+1 ى دەنگەکان بەدەستنەهێنێت، ئەوا لە گەڕى دووەمى هەڵبژاردن کێ زۆرترین دەنگى بردەوە ئەو دەبێتە کاندیدى پارتەکەمان.

سەبارەت بە گواستنەوەى دەنگدەر لەلایەن دەسەڵاتەوە گوتەبێژەى دەم پارتى دەڵێت، لەم هەڵبژاردنەدا لەلایەن دەسەڵاتەوە، 8,343 کەس خراونەتە لیستى دەنگدانى شرناغەوە، لە ئیدر لە دوو گەڕەکدا 4,362 دەنگدەر زیادکراون.

ئەو دەڵێت، ئەمانە وەک یەکەى پۆلیس و ئەمنییەت نیشان دراون، بەدواداچونى خۆمان لە رێگەى کۆمیسیۆنى یاسایی پارتەکەمانەوە بە رێگەى یاسایی رەخنەى خۆمان دەگرین.
دەم پارتى لە حەوت پارێزگاى گەورەی تورکیا کاندیدى دەبێت، لەوانەش لە ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، بۆڵو، قۆنیە، قەیسەرى، قۆجەیەلى و سامسۆنگ.

لەبارەى بە کۆبوونەوەکەى دوێنێى دەم پارتى و جەهەیە گوتەبێژى دەم پارتى دەڵێت، سەبارەت بە بنەماکانى دیموکراسی، سیاسەتى قەیووم، پرسەکانى دیکە هاوڕا نین بەڵام ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لەنێوان دەم پارتى و جەهەپەدا نییە، ئەندامانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنى هەردوو پارتەکە لە کۆبونەوەدان تاوەکو بگەنە ئەنجامێک سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر هەندێک لە پارێزگاکانى تورکیا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button