فیتۆ ئێکوادۆری گیرۆدە کردووە.. هێرشی کردە سەر کەناڵێکی تەلەڤیزیۆن

زووم:

لە ھاوینی رابردوو دەسەڵاتدارانی ئیکوادۆر، ھاوشێوەی فیلمەکانی ھۆلیود دیمەنی گواستنەوەی “فیتۆ” یەکێک لە مافیاکانیان بڵاوکردەوە، پێنج مانگ بەسەر ئەو رووداوە تێنەپەڕیوە، فیتۆ ھاوشێوەی پابلۆ ئیسکۆباری مەکسیکی لە زیندان ھەڵات و حکومەتی تووشی گێژاوێکی مەترسیدار کردووە.

یەکشەممەی رابردوو دەنگۆی ھەڵاتنی، لۆس چۆنیرۆس ناسراو بە “فیتۆ” یەکێک لە مەترسیدارترین مافیاکانی ئیکوادۆر لە گرتووخانەی لیتوڕال لە شاری گوایاکیل بڵاوکرایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەت دەیزانی ھەواڵێکی لەو جۆرە ئاژاوەیەکی گەورە لە وڵات دروستدەکات، ھەروا بەئاسانی دانیان پێدانەنا.

دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی ھەڵاتنی، سەرەتا بەرپرسێکی ئەمنی و گوتەبێژێکی سەرۆکایەتی دەرکەوتن و گوتیان “فیتۆ لە گرتووخانە نەماوە”، بەڵام ھەڵاتنیان ئاشکرانەکرد، تا دوای 16 کاتژمێر حکومەت ئەوەی ئاشکراکرد، فیتۆ و 21 زیندانی دیکە لە گرووپەکەی لە 25 مانگی رابردوو ھەڵاتوون، ھەڵاتنەکەشیان پێدەچێت لە دەرگای گرتووخانەکەوە بووبێت.

رۆژێک دوای ئەوە دانیال نوبوا، سەرۆکی ئیکوادۆر، باری نائاسایی لەسەرتاسەری وڵات راگەیاند، سوپای بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە خستە جوڵە و قەدەغەی ھاتوچۆی شەوانە لە زۆربەی شارەکان جێبەجێکرا، کەچی ئێوارەی دوێنێ گرووپێکی چەکدار ھەر لەو شارەی فیتۆ لە گرووتوخانە ھەڵات، لە پەخشی راستەوخۆدا ھێرشیان کردە سەر نوسینگەی تەلەفیزیۆنی (تی سی) و رۆژنامەنووسەکانیان بە زەبری چەک، دەستبەرسەرکرد.

لەوە بەدوای دۆخەکە بەشێوەیەک شڵەژاوە، وڵاتانیش ھەوڵەکانیان بۆ پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکانیان خستووەتەگەڕ، چین یەکەم وڵات بوو باڵیۆزخانەکەی لە پایتەخت داخست.

ئێکوادۆر، کە ئێستا گیرۆدەی دەستی مافیاکانی مادەی ھۆشبەرە، لە 2017 بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین، بە دوورگەی ئاشتی ناودەبرا، کەچی لەم ساڵانەی دوایی، بەھۆی گەورەبوونی مافیاکان و پەیوەندیکردنیان بە مافیاکانی مەکسیک و وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتینەوە، بووەتە ناوەندێکی گەورەی بازرگانی مادەی ھۆشبەر.

مافیاکان ئەوەندە گەورەبوون حکومەت چاوپۆشیان لێدەکات، بۆ نموونە مافیایەکی وەک لۆس چۆنیرۆس ناسراو بە “فیتۆ”، لە شوێنی مانەوەی لە گرتووخانە زۆر بە ئازادانە ڤیدیۆ تۆماردەکات و لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاویدەکاتەوە، مۆبایلی زیرەک و ئینتەرنێتی ھەیە و پەیوەندی لەگەڵ جیھانی دەرەوە ھەیە، تەنانەت ئەگەر بیەوێت بە دیلیڤەری خواردنی دەرەوەی بۆ دێت.

بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی ساڵی رابردوو لە بەرنامەیەکی بنکۆڵکاری بڵاوکرایەوە، ژوورەکەی فیتۆ تەلەڤیزیۆن و بەفرگر و لابتۆپ و مەلەوانگە و ھەموو پێداویستییەکانی ژیانی شاھانەی تێدایە، تەنانەت کێڵگەی بەخێوکردنی بەراز و حەوزی ماسیشی ھەیە، کە بۆ ئامادەکردنی ژەمی خۆراک بۆ ئەندامانی گرووپەکەی بەکاری دەھێنا، ھەرکاتێکیش بیویستایە ھاوسەرەکەی سەردانی دەکرد و لای دەمایەوە، جاربەجاریش لەگەڵ ھاوڕێکانی ئاھەنگی رێکدەخست، تیپی موزیک کچە سەماکاری لەدەرەوە دەھێنا، ھەموو ئەوەشی تۆمار دەکرد و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکردەوە، حکومەتیش چاوی خۆی بەرامبەر ئەم دیمەنانە داخستبوو، تا بەم دۆخەی ئێستای گەیاند.

فیتۆ، کە بە 34 ساڵ زیندانی سزادراوە، ئەمە جاری یەکەمی نییە ھەڵبێت، ساڵی 2013 ھەڵات و دوای دوو مانگ دەستگیرکرایەوە، بەڵام ئێستا، کە فیتۆ ناوبانگی زیاتری پەیداکردووە و گرووپەکەی گەورەتر و بەھێزتر بووە، دەستگیرکردنەوەی سەخترە بەراورد بە جاری پێشوو.

هەواڵی زیاتر

Back to top button