ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل

لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی غەزە کۆدەببێتەوە

 

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە رەنگە دوایین وێستگە بێت، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی غەزە کۆببێتەوە.

لە سێ رۆژی رابردوودا بلینکن سەردانی تورکیا و یۆنان و بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی کرد و لەگەڵ سەرکردەی ئەو وڵاتانە کۆبوویەوە، سەردانیشی بۆ ئیسرائیل زۆر هەستیارە، چونکە لە چەند رابردوودا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر لوبنان و سوریا چڕکردووەتەوە و دوو بەرپرسی باڵای حەماس و حزبوڵای کوشتووە، ئەوەش بەنزینە بە ئاگری فراوانبوونی جەنگەکە لە بەرەی باشوری لوبنانەوە.

هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ دوایین لێدوانی سوپای ئیسرائیل کە دوێنی رایگەیاند، قۆناغی شەڕەکە دەگۆڕێت و لەمەودوا پەنا دەباتەبەر ئەنجامدانی هێرشی ئامانجدار لە ناوەڕاست و باشووری غەزە.

بەگوێرەی هەواڵیکی رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی، پێشبینی دەکرێت بلینکن ئەمڕۆ سەرنج بخاتەسەر پلانی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی دۆخی جەنگ بۆ قۆناغی سێیەمی لە شەڕی دژی حەماسدا و ئەرکی سەرەکی رێگریکردنە لە فراوانبوونی جەنگەکە.
هەروەها سەرچاوەیەکی باڵای ئەمریکی بە کەناڵی سی ئێن ئێنی گوتووە، بلینکن و تیمەکەی داوا لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەکەن لەماوەیەکی نزیکدا دەست بە قۆناغی داهاتووی جەنگەکە بکەن، کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی چڕیی هێرشەکان و رێگە بە هاوڵاتییانی غەزە بدرێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان لەباکووری ئەو کەرتەدا.

ئەم هەوڵانەی بلینکن، لە چوارەمین سەردانیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، بەشێکن لە فشارەکانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە و کەمکردنەوەی ئاماری قوربانیانی ئەو کەرتە، کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا زیاتر لە 23000 فەلەستینی کوژراون.

 

ئەوەی لەماوەی گەشتەکەمدا گوێبیستی بووم، دەیگەیەنم بە بەرپرسانی ئیسرائیل

راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی “ئەنجامەکانی” شەڕ پێچەوانەی “ئامانجەکانی” بووە کە ئیسرائیل دیاریکردبوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆر قوربانیی هاوڵاتییانی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆ ئیسرائیل، بلینکن گوتی کە فشاری تەواو لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەکات بۆئەوەی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن، هەروەها هاوکارییە مرۆییەکانیش بگاتە دەستی لێقەواماوانی کەرتەکە.
سەبارەت بە پەیامی سەرکردەی وڵاتە عەرەبییەکانیش رایگەیاند، “ئەوەی لەماوەی گەشتەکەمدا گوێبیستی بووم، دەیگەیەنم بە بەرپرسانی ئیسرائیل.”

هەواڵی زیاتر

Back to top button