بومەلەرزەکەی تورکیا بەستەڵەکی تورکیای لەگەڵ میسر تواندەوە

زووم:

لەپاش ئەوەی لە 2013 محەمەد مورسی سەرۆککۆماری ئەوکاتی میسر، بە کودەتایەکی سەربازیی لە پۆستەکەی لابرا و خرایە زیندانەوە و عەبدولفەتاح سیسی لەلایەن دەسەڵاتی سەربازیی ئەو وڵاتەوە خرایە شوێنی، ئەردۆغان هەڵوێستی توندی دەربڕی و هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر هەڵپەسارد.

هەڵوێستی ئەوکاتی رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆک کۆمارى تورکیا و پشتگیریکردنی لە دەسەڵاتی ئیخوانەکانی میسر، بەهۆی نزیکیی ئایدیۆلۆژیی نێوان ئیخوان موسلمین و ئاک پارتییەوە، پشتگیرییەکی پێشبینیکراو بوو.

پچڕانی پەیوەندییەکە تا ساڵی 2022 بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی 2022 و جامی جیهانیی تۆپی پێ لە قەتەر، تورکیا هەنگاوی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر نا، ئەردۆغان، بەیاوەریی میرى قەتەر، چاوی بە سیسی کەوت، دوای تەوقەکردن، گفتوگۆیەکی کورتیان کرد.

ساڵێک پاش ئەوە، لە ئازاری 2023 مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیا، بە سەردانێکی فەرمی چووە قاهیرە و لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی و چەند وەزیرێکی دیکەدا کۆبووەوە.

ئەو سەردانە فەرمییەی چاوشئۆغڵو، پاش 11 ساڵ لە بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی نێوانیان هاتەئاراوە، بەڵام دەستپێشخەری یەکەمی ئاساییبوونەوەکە میسر بوو، کاتێک سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر دوای بومەلەرزەکەی مانگی شوباتی 2023 هاوخەمیی بۆ تورکیا دەربڕی.

لەدوای ئاساییبوونەی پەیوەندییەکانەوە، تا دێت قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە هەڵدەکشێت، بەشێوەیەک، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، ساڵی 2021 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان 6.7 ملیار دۆلار بووە، لە 2022 بەڕێژەی %14 بەرزبۆتەوە و گەیشتووەتە 7.7 ملیار دۆلار، پێشبینیدەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە لە 2023دا گەیشتبێتە 10 ملیار دۆلار.

میسر یەکێکە لە وڵاتە کاریگەرەکانی جیهانی عەرەبی، لە روانگەی ئابووری و جەمسەرگیرییە سیاسییەکانەوە پێگەی خۆی هەیە، ئەوەش وایکردووە تورکیا هەنگاو بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاهیرە بنێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button