کۆشکی سپی ستایشی ئۆکراینا دەکات

"سەرکەوتنەکەتان لە خێرسۆن ناوازەیە"

 

ئەمڕۆ، شەممە کۆشکی سپی ئەمریکا ستایشی ئەو “سەرکەوتنە ناوازەیەی” ئۆکراینای کرد، کە توانی دوای کشانەوەی هێزەکانی روسیا لە ناوچەی خێرسۆنی باشوری وڵاتەکەی، ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکاتەوە.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆکراینییەکان سەرکەوتنێکی بێ ئەندازەیان بەدەستهێناوە، کە توانیویانە پایتەختی ناوچەیەک بگرنەوەدەست، کە  پێشتر روسیا دەستی بەسەردا گرتبوو، ئێستا گەڕاوەتەوە ژێر ئاڵای ئۆکراینا.

گوتەکانی سولیڤان لە دوای ئەوەوە هات، کە سەربازانی ئۆکراینا دوێنێ چوونە نێو شارەکەوە، کە یەکێک بوو لە ناوچە گرنگەکانی ئۆکراینا، کە لەلایەن روسیاوە “داگیرکرا”بوو.

سولیڤان راشیگەیاند پاشەکشەی روسیا “کاریگەری ستراتیژی فراوانتر”ی دەبێت لە داهاتوودا، لەوانەش کەمکردنەوەی هەڕەشە درێژخایەنەکانی روسیا بۆ شارەکانی دیکەی باشوری ئۆکراینا وەک ئۆدێسا.

ئەو گوتی “ئەم ساتە گەورەیە” سەرکەوتنەکەی بۆ خۆڕاگری و لێهاتوویی باوەڕپێنەکراوی ئۆکراینییەکان دەگەڕێتەوە، کە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پشتگیری بێوچان کراون.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو هەواڵانەی، کە دەڵێن ئیدارەی بایدن دەستیکردووە بە فشارخستنە سەر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بۆئەوەی دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ دەستپێبکات، سولیڤان گوتی ئەوە روسیایە دەبێت بڕیار بدات بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ یان نا، نەک ئۆکراینا.

ئاماژەی بەوەدا، روسیا بەردەوامە لە “پروپاگەندەی نامۆ” سەبارەت بە لکاندنی ناوچەکانی ئۆکراینا بە خاکی روسیاوە، تەنانەت لەکاتێکدا ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکاتەوە، کە خەریکی پاشەکشەکردنە لە دوای هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکراینا.

سولیڤان دەڵێت، لەو جەنگەدا، ئۆکراینا لایەنی ئاشتییە و روسیا لایەنی شەڕە. روسیا ئۆکراینای داگیرکردووە. ئەگەر روسیا شەڕ لە ئۆکراینا رابگرێت و بڕوات، ئەوە شەڕەکە کۆتایی دێت. ئەگەر سوپای ئۆکراینا واز لە شەڕەکە بهێنێت و دەستبەرداری وڵاتەکەی بێت، ئەوە ئۆکراینا کۆتایی دێت.

ئەو دەڵێت لەو چوارچێوەیەدا هەڵوێستی ئەمریکا وەک خۆی دەمێنێتەوە، کە لەبنەڕەتدا لە راوێژ و پشتیوانییەکی نزیکداین لە سەرۆک زێلێنسکی.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button