کەمکردنەوەى هاوکارییە داراییەکانى ئەمریکا، قەیرانەکانى هێزی پێشمەرگە قوڵتر دەکاتەوە

زووم..

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

 سەباح

 

-سەرۆککۆماری عێراق داوای بەدواداچوونی بڕیارەکانى مادەی 140 دەکات

-عەبدولەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لەگەڵ وەزیرانى داد و ژینگەى عێراق و ئەندامێکی لیژنەى باڵای جێبەجێکردنى مادەى 140، تاوتوێی جێبەجێکردنى ئەو بڕگە یاساییانە دەکات، کە پەیوەندی بە هاوڵاتیانەوە هەیە، بەتایبەتی جێبەجێکردنى بڕگەکانى مادەى 140 لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

 

شەرقولئەوسەت

-ئەنتۆنی، بلینکن، وەزیری دەرەوەى ئەمەریکا و جۆزیب بۆریل، بەپرسی سیاسەتى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا، دەیانەوێت فراوانبوونى جەنگ سنووردار بکەن

-بلینکن و بۆرێل، لە دوو سەردانى جیابەجیادا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتى ناوەراست، لە پەراوێزی جەنگى غەزەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، کە پێی ناوەتە مانگى چوارەمەوە، پێداگری فراواننەبوونى جەنگ دەکەن و ئەجێندای سەردانەکانیشیان، مەترسی فراوانبوونى جەنگە لە ناوچەکە، بەتایبەتی کردنەوەى بەرەی جەنگى لوبنان-ئیسرائیل.

-بلینکن کە دوێنی سەردانى هەریەک لە قەتەر و ئەردەنی کردبوو، بڕیارە سەردانى کەرتى غەزە و هەریەکە لە ئیمارات و سعودییە و میسریش بکات، کە لە جەنگى غەزەوە چوارەم سەردانیەتى بۆ رۆژهەڵاتى ناوەراست و هەندێک لەو وڵاتانە.

عەرەبی جەدید

-بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ململانێی پێشوەختی پێکهاتەکانی دروستکردووە

-دوای هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، کە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023 ئەنجامدرا و ئەنجامە فەرمییەکان راگەیەنرا، پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاکان و پۆستى پارێزگاری کەرکوک بەتایبەت، لە ئێستاوە ململانێی پێشوەختى لەسەر ئەنجامدەدرێت.

-براوەى هەڵبژاردنەکان، لایەنە کوردییەکان یەکێتى نیشتمانى بە پێنج کورسی و پارتى دیموکرات بە دوو کورسی و لایەنە عەرەبییەکانیش شەش کورسی و بەرەى تورکمانى دوو کورسی و بابیلۆنى کریستیانەکانیش بە کورسییەک، دەچنە ململانێی بەدەستهێنانى پۆستى پارێزگاری کەرکوکەوە.

عەرەب

-کەمکردنەوەى هاوکارییە داراییەکانى ئەمەریکا، قەیرانەکانى هێزی پێشمەرگە قوڵتر دەکاتەوە

-رۆژنامەکە ئیدارەى کۆشکی سپی، بەرامبەر هاوپەیمانەکانى، بەتایبەتی کوردى هەرێمی کوردستان، بە خەمسارد وەسف دەکات و دەڵێ، هەست بە فەرامۆشکردن دەکەن.

-نووسیویەتی، ئەوان هەستدەکەن فشارێکیان لەسەرە، کە پێشتر هاوشێوەى نەبووە، لەلایەک گیرۆدەى قەیرانى ئابووری و رەهەندە ئەمنی و سیاسییەکانى عێراق و هاوپەیمانەکانى ئێرانن، لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانى کەمکردوونەتەوە، بەهۆکاری دابەشبوونى هێزی پێشمەرگە بەسەر دوو جەمسەری حزبیی (یەکێتى نیشتمانى کوردستان) و (پارتى دیموکراتی کوردستان) دا.

رۆژنامەکە باسی راپۆرتێکى ئەلمۆنیتۆری ئەمەریکى کردووە، کە دەڵێت، کەمکردنەوەى هاوکارییە داراییەکانى ئەمریکا بۆ پێشمەرگە، دوای شکستى وەزارەتى پێشمەرگە و دەسەڵاتدارانى هەرێم دێت، کە نەیانتوانیوە  چاکسازی لە ریزەکانى پێشمەرگە ئەنجامبدەن و بابەتى دابەشکاری حزبی و گەندەڵییەکان چارەسەربکەن.

  رۆژنامە ئینگلیزییەکان

گاردیەن

 

-بەهۆی لافاوەوە بەریتانیا بووە بە جیهانی ئاو و داوادەکرێت وڵاتەکە خۆی بۆ سەرمایەکی سەخت ئامادە بکات

-ماوەی چەند رۆژێکە بەریتانیا رووبەڕووی شەپۆلێکی بارانبارینی بەخووڕ بووەتەوە، بەهۆی سەرڕێژبوونی چەندین رووبار و جۆگەلەوە، ئاو رژاوەتە نێو بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکە، سەرەڕای ژیانی کشتووکاڵیی، زیان بە زیاتر لە هەزاران ماڵ گەیشتووە. داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکە دەکرێت خۆیان بۆ سەرما و بەستەڵەکێکی سەخت ئامادە بکەن.

واشنتن پۆست

 

-ئەمریکا لە فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ناوچەکەدا دەترسێت

-ئەمریکا نیگەرانە ئیسرائیل بیەوێت شەڕی غەزە بە ئاڕاستەی لوبنان فراوانتر بکات و هەریەک لە جۆ بایدنی سەرۆکی وڵاتەکە و راوێژکارەکانی هۆشدارییان لە ئاڵۆزبوونی دۆخەکە داوە.

-بایدن راوێژکارە باڵاکانی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ئامانجی سەرەکیان رێگەگرتنە لە فراوانبوونی شەڕەکە، لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنادا.

ئۆرشەلیم پۆست

 

-سوپای ئیسرائیل دەست بە قۆناغی سێیەمی هێرشی زەمینی بۆسەر غەزە دەکات

-سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی “کاریگەرانە” دۆخی شەڕەکەی گواستووەتەوە بۆ قۆناغی سێیەم و هێرشەکانی لە ناوچەی خان یونسی غەزە چڕترکردووەتەوە. بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەکان، پێدەچێت سەرکردەکانی حەماس لە ناوەڕاستی غەزەدا بن نەک خان یونس. ئەمەش لەکاتێکدایە تا دێت مەترسییەکانی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە لە باکووری وڵات و سنووری لوبنان زیاتر دەبن.

عەرەب نیوز

 

-شای ئوردن داوای فشار لە ئەمریکا دەکات دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە غەزە

-لە کاتێکدا شەڕی غەزە پێیناوەتە مانگی چوارەمەوە و تائێستا لانیکەم 22,835 کەس کوژراون، شا عەبدوڵڵای ئوردن لە کۆبونەوەکەیدا داوای لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە وڵاتەکەی فشار بکات بۆئەوەی ئاگربەستێک رابگەیەندرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو کارەساتەی لە ئەنجامی بەردەوامیی ئەو “شەڕانگێزییە” لە دژی غەزە دەکرێت.

 

رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییه‌ت

-گرێی ئه‌سته‌نبوڵ كرایه‌وه‌؛ مورات كوروم كاندیدی ئاک پارتییه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی

-خۆپیشانده‌ره‌ ئیسرائیلییه‌كان له‌ ته‌لئه‌بیب داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كه‌ن

-خانه‌نشینان ده‌توانن قه‌رزی بانک وه‌ربگرن

سۆزجو

-موراد كوروم كه‌ داكۆكی له‌ ئاشتكردنه‌وه‌ی بیناسازیی ده‌كات، كرایه‌ كاندید بۆ شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵ، كه‌ چاوه‌ڕێی بوومه‌له‌رزه‌ ده‌كات

-له‌ 2023دا له‌ سوریا و عێراق 81 تیرۆریستی داواكراو له‌ چالاكی خراون كه‌ 11یان له‌ لیستی سووردا بوون

-ته‌نانه‌ت ئیسرائیلییه‌كانیش نه‌تانیاهۆی منداڵكوژیان ناوێت و داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ده‌كه‌ن

جمهورییه‌ت

-ئاک پارتی كاندیدێكی جێگه‌ی مشتومڕی له‌به‌رامبه‌ر ئیمامئۆغڵو دیاریكرد

-بەگوێرەى ئاماره‌كانی ئه‌نجومه‌نی عه‌لمانیه‌ت هه‌موو رۆژێک دوو چالاكی دژی عه‌لمانیه‌ت به‌ڕێوه‌چووه‌ و داوای ئوممه‌ت ده‌كه‌ن

-باباجان له‌باره‌ی ئابوورییه‌وه‌ ده‌ڵێت، هێشتا له‌ كه‌ناری خه‌ره‌نده‌كه‌داین

ئه‌ڤره‌نسه‌ل

-كاندیدی بیناسازیی و به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی موڵكه‌كان و تێكدان؛ موراد كوروم

-له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و دیاربه‌كر 564 هونه‌رمه‌ند داوای ئاشتیی ده‌كه‌ن

-یه‌كه‌كانی چاودێریی چڕ به‌ هۆی توشبوون به‌ كۆرۆنا و ئه‌نفلۆنزاوه‌ له‌ ئاستی پڕبوونی 100% نزیكبوونه‌ته‌وه‌

 

 رۆژنامە فارسییەکان

جەهانی سەنعەت

-بەتۆمەتى پەیوەندى بە تەقینەوەکانی کرمان 32 کەس دەستگیرکراون

-دادوەری گشتیی پارێزگای کرمان رایگەیاند، 16 بۆمب دۆزراونەتەوە، کە زۆرێک لەو بۆمبانەی لە رێوڕەسمەکەی کرماندا تەقێندراونەتەوە، گەورەتر و بەهێزترن.

ئەو دەڵێت، هەڕەشەی تەقینەوە لەمساڵدا زیاتر بووە. تەنیا لە دوو مانگی رابردوودا 23 کەسی سەر بە داعش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لەبارەى تەقینەوەکانى کرمان‌ رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و تائێستا 32 کەسی پێوەندیدار بەم دۆسیە دەستگیرکراون.

ئەبرار

-بەهۆی کەمیی دەرفەت 30%ـی کاندیدان بۆ نوێنەرایەتی لە پەرلەمان شایستەبوونیان تاوتوێ نەکراوە

-ئەحمەدی وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، ئەوانەی شایستەبوونیان پشتڕاست نەکراوەتەوە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، ئەوەی تائێستا کراوە کۆتایی کارەکە نییە.

ئەو دەڵێت، هۆکاری تاوتوێنەکردنی شایستەبوونی 30%ی کاندیدەکان بۆ نوێنەرایەتی لە پەرلەمانى ئێران، نەبوونی دەرفەت بووە.

ئێعتماد

10 ملیۆن ئێرانی تووشی نەخۆشی شەکرە و فشارى خوێن بوون

-جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، کۆی هاووڵاتیانى تووشبوو بە فشارى خوێن لە وڵات زیاتر لە 7,500,000 کەسن و کۆی هاوڵاتیانى تووشبوو بە نەخۆشى شەکرە زیاتر 2,000,000 کەسن.

ئەو دەڵێت، نزیک بە 35%ـى هاوڵاتیانى سەروو تەمەن 18 ساڵ تووشی فشارى خوێن بوون و 15%ـی هاوڵاتیانى سەروو تەمەن 25 ساڵ تووشی نەخۆشى شەکرە بوون.

شەرق

-لە پێنج حزبی رێفۆرمخواز، تەنیا شەش کەس شایستەبوونیان بۆ کاندیدبوونى پەرلەمانى ئێران پشتڕاست کراوەتەوە

لەسەر داوای حزبە رێفۆرمخوازەکان 170 کەسی ناسراو لە بەرەی رێفۆرمخوازان خۆیان بۆ نوێنەرایەتیی پەرلەمان کاندید کردبوو، کە 140 کەسیان رەتکرانەوە. لەو 30 کەسەی قبوڵکراون تەنها شەش کەسیان سەر بەو پێنج حزبە رێفۆرمخوازەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button