قەتەر خێزانی بارمتەکانی لای حەماسی ئاگادارکردووەتەوە کە کوژرانی عاروری دانوستانەکانی پەکخستووە

زووم..

ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرایکرد، محەمەد عەبدولرەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر خێزانی چەند بارمتەیەکی لای حەماسی ئاگادارکردووەتەوە کە کوشتنی ساڵح عاروری، جێگری سەرۆکی حەماس لەلایەن ئیسرائیلیەوە لە لوبنان دانوستانەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی پەکخستووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە کە زانیارییەکانی لە چەند بەرپرسێکی قەتەرییەوە دەستکەوتووە دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە دەوحە پێشوازی لە خێزانی شەش بارمتەی ئەمریکی و ئیسرائیلی لای حەماس کردووە و ئەو ئاستەنگانەی بۆ روونکردوونەتەوە کە ڕێگری لە گەیشتن بە رێککەوتنی تازەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی قەتەر باسی لەوەکردووە کە پرسی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی هەردوولا بۆ قەتەرییەکان زۆر گرنگە و بەردەوام کاری لەسەر دەکەن، گوتووشیەتی کە لەئێستادا دانوستانەکان زۆر ئاڵۆزن بە تایبەت دوای کوژرانی عاروری.

لەئێستادا قەتەری و میسرییەکان لە دانوستان و گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئازادکردنی 40 بارمتەی لای حەماس لە بەرامبەر راگەیاندنی چەند هەفتەیەک ئاگربەست و ئازادکردنی چەند زیندانییەکی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل.

هەواڵی زیاتر

Back to top button