سیناریۆکانی دوای جەنگی غەزە چین؟

زووم:

ماوەی 17 ساڵە ئیسرائیل بیر لەوە دەکاتەوە چۆن بوونی سەربازی و سیاسیی حەماس ڕیشەکێش بکات، ئێستا کە لە ئاسمان و دەریا و وشکانییەوە پەلاماری غەزەی داوە، دەیەوێت ئەو خەونەی بەدیبھێنێت و لە مۆتەکەی حەماس رزگاری بێت.

ئیسرائیل زیاتر لە سێ مانگە سەرقاڵی جەنگە و دەیەوێت حەماس لەناوبەرێت، بەڵام وادایبنێ جەنگی کۆتایی ھات و تفەنگەکان بێدەنگ بوون، کێ غەزە بەڕێوە دەبات؟

زۆربەی ئەو سیناریۆیانەی لەو بارەیەوە لە ناوەندە سیاسییەکان و لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە باسیان لێوەدەکرێت، پشت بەگریمانەی نەمانی حەماس دەبەستن، کە گرنکترینیان خۆیان لەم سیناریۆیانە دەبینەوە.

گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ غەزە

لە سەرەتای جەنگەکەوە ئەمریکا پشتیوانی لە سیناریۆی رادەستکردنی غەزە دەکات بە دەسەڵاتی فەڵەستینی، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازیکردووە ھەزار ئەفسەر لە ھێزە ئەمنییەکانی پێشووی غەزە و سێ بۆ پێنج ھەزار لە کەرتی خۆرئاوا دووبارە ئامادەبکرێنەوە بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە، بەڵام ئەم سیناریۆیە بەردەوام لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەتدەکرێتەوە، چونکە ئیسرائیل پێی وایە دەسەڵاتی فەڵەستینی گەندەڵ و لەرزۆکە و ناتوانێت ڕێ لە سەرھەڵدانەوەی حەماس بگرێت لە غەزە، ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بە دوژمنی خۆی دەزانێت، بەڵام ھێشتا ئەمریکا پێی وایە ئەم سیناریۆیە باشترینی خراپەکانە، بەتایبەت ماوەنەی سوپای ئیسرائیل لە غەزە.

یەکێکێکی تر لە سیناریۆکان بریتییە لە گواستنەوەی خەڵکی غەزە بۆ نیوەدوورگەی سینا و قەربووکردنەوەی میسر بە بڕی دەیان ملیار دۆلار، بەڵام میسر و وڵاتانی عەرەبی چەندینجار ئەوەیان رەتکردووەتەوە.

ھەروەھا بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی وۆل ستریت جۆرناڵ، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر پێشنیازێکی ئەمریکای رەتکردووەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی غەزە تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی فەڵەستینی توانای جێگرتنەوەی حەماسی دەبێت.

هێزی ئاشتیپارێزی عەرەبی!

سیناریۆیەکی دیکە جێگیرکردنی هێزێکی عەرەبی و ھێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتییە کە بۆ ئەمەیان تائێستا ھیچ دەوڵەتێکی عەرەبی ئامادەیی دەرنەبڕیوە و پێیان وایە ئەگەر ئەو کارە بکەن، خەڵکی فەڵەستین بە چاوی دوژمنەوە تەماشایان دەکەن، ئەوکات ڕووبەرووی ھێرش دەبنەوە و ناتوانن ئەرکی بەڕێوەبردنی غەزە بەجێبگەیەنن.

ئەگەر ھیچ یەکێک لەو سیناریۆیانە جێبەجێنەکرا، بوونی سەربازی ئیسرائیل لە غەزە درێژە دەکێشێت، وەکو چۆن بنیامین ناتانیاھۆ چەندین گوتوویەتی، بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو دەمێننەوە.

خاڵی لاوازی سیناریۆکان

ھەموو سیناریۆیانەی تائێستا بۆ دوای جەنگ باسی لێوەدەکرێت، لەسەر بنەمای نەمانی حەماس داڕێژراون، بەڵام ئایا حەماس لە ناودەچێت؟ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە یەکێک لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکانی ئەم پرسیارەی لێکرا و لە وەڵامدا گوتی، حەماس ئایدۆلۆجیایە، ئایدۆلۆجیاش کۆتایی نایات.

ھەر لە بارەی وەڵامی ئەم پرسیارە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ئیسرائیل دانبەوەدا دەنێن، حەماس بە درێژایی 17 ساڵ لە تەواوی کەرتەکان، وەزارەتەکان، مزگەوت و ناوەندە رۆشنبیرییەکان، تەنانەت لە رێکخراوە خێرخوازی  رۆشنبیرییەکانیش ڕەگی داکوتاوە، بۆیە لەناوبردنی ئەستەمە.

خودی سەرکردەکانی حەماس لەمبارەیەوە بۆچوونێکی تریان ھەیە، ئەوان پێیان وایە قسەکردن لەبارەی چارەنووسی غەزە دوای حەماس، تەنھا شەڕی ڕاگەیاندنە، ئوسامە حەمدان یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حەماس دەڵێت، ئەوانەی باس لە قۆناغی دوای حەماس دەکەن، لە ڕاستیدا باس لە قۆناغی دوای گەلی فەڵەستین دەکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button