ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلار پاداشت دەدات بۆ دەستگیرکردنی پێنج سەرکردەی حەماس

سێ لە داواکراوەکانی حەماس لە تورکیا دەژین و کۆمەکی دارایی کۆدەکەنەوە

زووم:

 

عەبدولباست حەمزە، عامر کەمال ئەلشوا، ئەحمەد جەهلەب، وەلید محەمەد جەدوڵا و محەمەد ئەحمەد نەسڕوڵا، زانیاری لەسەر هەر یەکێک لەمانە بدە بە ئەمریکا و 10 ملیۆن دۆلار پاداشت وەربگرە، پێشتر ئەمریکا ئەو داواکراوانەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە

پارە و کۆمەک بۆ حەماس کۆدەکەنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ناوی ئەم پێنج کەسەی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت، پارە و کۆمەک بۆ حەماس کۆدەکەنەوە، بۆیە لە چوارچێوەی ئەوەی ئەمریکا ناویناوە “بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری”، 10 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاریکردووە بۆ دەستخستنی زانیاری لەبارەیانەوە.

ئەمریکا پێشتر ئەو پێنج کەسەی وەکو “تیرۆریست” ناساندووە، دەڵێت، ئاسانکاریی دارایی بۆ حەماس دەکەن، بۆیە دیاریکردنی پاداشتەکە و دەستخستنی زانیاری لەبارەیانەوە بۆ پەکخستنی میکانیزمە داراییەکانی حەماسە.

بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، عامر ئەلشوا، ئەحمەد جەهلەب و وەلید جەدوڵا، کە سێ ئەندامی سەرەکیی تۆڕی دارایی حەماسن، لە تورکیا نیشتەجێن، عەبدولباست حەمزەش دانیشتووی سودانە، شوێنی نیشتەجێبوونی محەمەد نەسڕوڵاش نەخراوەتە روو، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، ناوبراو پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دامودەزگاکانی ئێران هەیە و دەستی هەبووە لە گواستنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ حەماس، بە تایبەتی بۆ لیواکانی عیزەدین قەسام و باڵی سەربازیی حەماس.

حەمزەی دانیشتووی سودان لە لیستی ناوەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ریزبەندیی یەکەمی هەیە و بەرپرسی چەندین کۆمپانیای گەورەی وەبەرهێنانی سەر بە حەماسە.

پاداشتە 10 ملیۆن دۆلارییەکەی ئەمریکا بۆ ئەو کەسانەیە زانیاری لەسەر هەر سەرچاوەیەکی داهات بۆ حەماس و بەخشەرە گەورەکانی دەخاتەڕوو، یان زانیاری سەبارەت بەو دامەزراوە داراییانەی ئاسانکاری بۆ مامەڵەکانی حەماس دەکەن، ئەمە جگە لە زانیاری لەبارەی ئەو کۆمپانیایانەی پێداویستییە تەکنەلۆژییەکان بۆ حەماس دابیندەکەن و لە “پلانە تاوانکارییەکانیان” سوودی لێدەبینن، وەک ئەوەی ئەمریکا دەڵێت.

لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردوو و شەڕەکانی دوای “تۆفانی ئەقسا”، ئەمە پێنجەمین جارە ئەمریکا بڕیاری سزادان و پاداشتی پێدانی زانیاری دژی سەرکردەکانی حەماس دەربکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button