ئێران.. لە یادی سولەیمانیدا بەهۆی تەقینەوەوە نزیکەى 80 کەس گیانیان لەدەستدا

زووم:

لە پارێزگای کرمانی ئێران و نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، دوو تەقینەوە روویاندا و نزیکەى 80 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەرپرسێکی پارێزگاکەش تەقینەوەکان بە تیرۆریستی ناودەبات.

ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە لە یادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، لە پارێزگای کرمانی ئێران مەراسیم بەڕێوەچوو، لەکاتی چوونی بەشدارانی مەراسیمەکە بەرەو گۆڕی قاسم سولەیمانی، دوو تەقینەوە روویانداوە.

هەریەک لە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران و ئاژانسی هەواڵی تەسنیم دەڵێن، تا ئێستا 73 کەس گیانیان لەدەستداوە و 172 کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام ئاژانسى مێهر بڵاویکردەوە، کە ژمارەى کوژراوان گەیشتووەتە 80 کەس.

سەرەتا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانرابوو، بەڵام دواتر رەحمان جەلالی جێگری پارێزگاری کرمان بە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند، تەقینەوەکان تیرۆریستی بوون و بەهۆی بۆمبەوە ئەنجامدراون .

هاوکات یەکتاپەرست، گوتەبێژی فریاکەوتنی کرمان بە میدیا ئێرانییەکانی راگەیاند، کە باری تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان سەختە و ئەگەری زیادبوونی ژمارەی کوژراوان هەیە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button