دانیشتوانى خەلەکان ماوەى دوو رۆژە رێگەی سلێمانى – هەولێریان داخستووە

زووم:

دوو رۆژە، دانیشتوانى ناحیەى خەلەکانى سەربە قەزاى دوکان دژى تەواونەکردنى رێگاى ناحیەکەیان و کەمى کارەبا رێگەى سەرەکى سلێمانى – هەولێریان داخستووە.

ئەرکان کەریم دانیشتووى گوندى باداوانى ناحیەى خەلەکانە بە زوومى گوت، رێگەی سەرەکى ناحیەکەمان زۆر خراپە و ماوەى 12 ساڵە تەواو نەکراوە، ماوەى 10 ساڵیشە هیچ خزمەتگوزارییەک لەسنوورەکەیان ئەنجامنەدراوە،

ئەرکان کەریم گوتیشى، سەرەتایترین مافیان بۆ دەستەبەر نەکراوە کە کارەبایە، رۆژانە تەنها 4 کاتژمێر کارەبایان پێدەدرێت.

لاى خۆیشییەوە کامەران عەبدوڵا بەڕێوبەرى ناحیەى خەلەکان بۆ زووم وتى: خۆپیشاندەران دژى کەمى خزمەتگوزارى و کارەبا و نەبوونى هەلى کار خۆپیشاندانیان کردووە، بەڵام داواکارى سەرەکیان ئەوەیە رێگەی ناحیەکەیان زۆر خراپە، بۆیان چاک بکرێت، کە 32 کیلۆمەترە، لەگەڵ زیادکردنى پێدانى کاتژمێرەکانى کارەبا.

رۆژى سێ شەممەش، دانیشتوانى ناحیەى خەلەکان و چەند گوندێکى دەوروبەرى، خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوایان کرد، کە داواکارییەکانیان بە زوویی بۆ جێبەجێبکرێت، بە پێچەوانەوە، لە خۆپبشاندان بەردەوام دەبن.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button