ساڵح عاروری کێیە؟

زووم:

 

45 رۆژ پێش هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا. ساڵح عاروری لە ساڵی 2014وە ئامانجی ئیسرائیل بووە بیکوژێت.

ئیسرائیل عاروری بە پلاندانەری یەکەمی بونیادنانەوەی حەماس لە کەرتی خۆرئاوا و وەک یەکێک لە بەشدارە سەرەکییەکانی “تۆفانی ئەقسا” دەزانێت.هەر لە دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەرەوە، ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆ دەستگەیشتن بە عاروری دەستپێکرد، پێیوابوو ناوبراو ئاگاداری ورد و درشتی هێرشەکەی حەماس بووە.

دواجار دوای 10 ساڵ لە هەڕەشەی ئیسرائیل، لە دووەم رۆژی ساڵی تازەدا لە بەیروت بە هێرشی درۆنی کوژرا.

ساڵح عاروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس.

لە مانگی شوباتی 1966 لە رامەڵا لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە شەریعەتی ئیسلامیدا،  هاوسەرگیریی کردووە و دوو کچی هەیە.

عاروری بەشدارییکردووە لە دامەزراندنی “کەتیبەکانی قەسام” باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، هەروەک بە کەسی یەکەمی پڕچەککردنی کەتیبەکانی قەسام دادەنرێت.

بەتۆمەتی پێکهێنانی شانە سەرەتاییەکانی “کەتیبەکانی قەسام” لە کەناری خۆرئاوا، لەساڵی 1992 تا ساڵی 2007 عاروری لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە، دوای سێ مانگ لە ئازادکردنیشی، دووبارە دەستگیرکراوەتەوە و تاساڵی 2010 لە زینداندا بووە، تاوەکو دادگای باڵای ئیسرائیل بڕیاری ئازادکردنی دا و لە فەڵەستین دووریخستەوە.

 

دوای بەسەربردنی 18 ساڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیل و دوورخستنەوەی لە  فەڵەستین، عاروری لە سوریا جێگیربوو و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ مایەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سوریاش، لە مانگی شوباتی 2012 سوریای بەرەو تورکیا بەجێهێشت و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەو وڵاتە نیشتەجێ بوو، دواتر بەردەوام لەنێوان چەندین وڵاتدا هاتوچۆی کردووە، لەوانە قەتەر و مالیزیا، دواجار لە باشووری بەیروت نیشتەجێبوو.

ئیسرائیل بەردەوام هەر هێرشێکی لە کەناری رۆژئاوای فەڵەستینەوە کرابێتە سەر، دەستی تۆمەتی بۆ عاروری راکێشاوە.

ساڵح عاروری لە ساڵی 2010 تاوەکو 2017 ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بووە، دواتر لە 9ی تشرینی یەکەمی 2017 لەلایەن ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەکەوە وەک جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس دانرا.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button