میترۆکەی بەغداد بێشۆفێرە و رۆژانە پێنج ملیۆن سەرنشین دەگوازێتەوە

زووم:

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە، زانیاریی تازەی لەبارەی میترۆکەی بەغداد ئاشکرکرد و رایگەیاند، میترۆکە بێشۆفێرە و دەتوانێت رۆژانە پێنج ملیۆن سەرنشین لەناو پایتەختدا بگوازێتەوە.

ناسر ئەسەدی لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی سەباحی فەرمی رایگەیاند، درێژیی میترۆکە 148 کیلۆمەترە و دەتوانێت 85%ی گواستنەوەی سەرنشینانی ناو بەغداد لەخۆی بگرێت.

ئەسەدى دەشڵێت، میترۆکە 68 وێستگە لەخۆدەگرێت و چوار پەڕینەوەشی لەنێوان بەری کەرخ و رەسافەی تێدایە.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، میترۆکە پێکدێت لە شەش فارگۆن، کە هەر یەکە لەوانە 150 سەرنشین لەخۆدەگرێت، بە سیستمی کارەبایی و زیرەک کاردەکات و بێشۆفێرە، لە بەشی هەرەزۆری ناوچەکانی پایتەخت دەکەوێتە خزمەتی گشتییەوە، لەوانەش ناوچە گەشتیاری و ئاینییەکان و نەخۆشخانە و بازاڕ و وەزارەت و دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت و فڕۆکەخانە و سەرجەم ئەو شوێنانەی چالاکی جۆراوجۆری تێدا ئەنجامدەدرێت.

ئاشکراشیکردووە، کارەکانی پڕۆژەکە لەم مانگەدا بەفەرمی رادەگەیەنرێت و سەرقاڵی ئەوەن کارەکانی بە باشترین کۆمپانیای جیهان بسپێردرێت و راوێژکارێکی مالیزی سەرپەرشتی ئەو کارە دەکات کە ئەزمونی 45 ساڵی دامەزراندنی پڕۆژەی میترۆی هەیە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button