حەماس پێشنیازێکی بە ئیسرائیل داوە کە لە سێ قۆناغ پێکدێت

شاندێکی حەماس چەند رۆژێکە لە قاهیرەی پایتەختی میسرە، بۆ گفتوگۆ و دانووستاندان

زووم:

 

بزووتنەوەی حەماس پێشنیازنامەیەکی نوێی داوە بە ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیەندنی ئاگربەستی درێژخایەن، ئەمەش بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆس کە لە زاریی دوو بەرپرسی باڵای ئیسرائیل و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پرسەکەوە رایگەیاندووە.

پێشنیازنامەکە کە حەماس لەڕێگەی نێوەندگیرە قەتەریی و میسرییەکانەوە ناردوویەتی سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت، هەر قۆناغێکیش بۆماوەی زیاتر لە مانگێک شەڕی تێدا دەوەستێت و لەبەرامبەریشدا حەماس بەشێک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات کە لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەستگیریکردبوون.

هەرچەندە ئیسرائیل پێشنیازنامەکەی رەتکردووەتەوە، بەڵام یەکێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە ئاکسیۆسی راگەیاندووە کە پێشنیازنامەکە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە حەماس ئامادەیە دانوستان و رێککەوتن بکات لەبارەى بارمتەکانەوە، چونکە پێشتر حەماس راگرتنی شەڕی وەک پێشمەرجێک دانابوو بۆ ئەوەی لەوبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئیسدائیلدا بکات.

بەگوێرەی پێشنیازنامەکە، لەگەڵ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە، ئیسرائیل دەستدەکات بە کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە غەزە، هاوکات حەماسیش لە بەرامبەردا نزیکەی 40 بارمتە ئازاد دەکات و ئیسرائیلیش هەندێک لە زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکات.

بەگوێرەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە، ئەو رێککەوتنە، جیاواز لە ئاگربەستەکەی ساڵی رابردوو، لەدوای جێبەجێکردنی کۆتا قۆناغی، کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت، بەشێوەیەک ئەو سەربازانەش ئازاد دەكرێن کە لەلای حەماس دەستبەسەرکراون.
دوای ئەوەی کابینەی جەنگی ئیسرائیل لەبارەی پێشنیازنامەکە کۆبوونەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل بە قەتەریی و میسرییەکانیان راگەیاندووە کە پێشنیازنامەکەیان قبووڵ نییە و داوایان کردووە شتێک پێشنیاز بکەن کە رێگەی تێبچێت و جێگەی قبووڵکردن بێت، هەربۆیە ئێستا قەتەر و میسر کاری لەسەر دەکەن.

ئێمە لە قۆناغەکانی پێش دانووستانداین و دۆخەکە نەگەیشتووە بە بنبەست

هەرچەندە لە ئێستادا هیچ لە یەک نزیکبوونەوەیەک لەنێوانیاندا بەدی ناکرێت، بەرپرسە ئیسرائیلییەکە دەڵێت “ئێمە لە قۆناغەکانی پێش دانووستانداین و دۆخەکە نەگەیشتووە بە بنبەست”.

ئەم رێککەوتنە لەکاتێکدایە مانگی پێشوو میسر پێشنیازنامەیەکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەزە راگەیاندبوو، هاوکات داواشیکردبوو کە هێزەکانی ئیسرائیل لە غەزە بکشێنەوە و حکومەتێکی تەکنۆکراتیی دابمەزرێت کە پەیوەندیی بە حەماسەوە نەبێت و پشتیوانی ئەمریکا، قەتەر و میسری هەبێت.

لە ئێستادا شاندێکی حەماس لە قاهیرەی پایتەختی میسرە و ماوەی چەند ڕۆژێکە لە گفتوگۆ و دانووستاندان لەبارەی پێشنیازنامەکەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button