سیاسه‌تى نه‌ختینه‌یی ئه‌مریكا 150% قازانجه‌كانى بتكۆینى به‌رزكرده‌وه‌

زووم:

 

دواى ئه‌وه‌ى له ‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2023 به‌هاى دراوى گریمانه‌یی بتكۆین به‌ 16 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەده‌كرا، به‌ڵام له‌ كۆتایی ساڵدا دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێنا و بەڕێژەی زیاتر لە 150% به‌هاكه‌ى به‌رزبووە‌وه‌ و قازانجێكى به‌رچاوى بۆ خاوه‌ن بتكۆینه‌كان ده‌سته‌به‌ركرد.

چاودێرانى ئابووریش هۆكارى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌ها و قازانجى بتكۆین ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى 2023دا ژمارەیەک له‌ مامه‌ڵه‌كارانى بواری دارایی داواکارییان پێشکەش کرد بۆ پێكهێنانى سندوقێکی بازرگانیکردن بە دراوی بتكۆین لە ئەمریکا، ئه‌مه‌ش واىكرد جارێكى دیكه‌ خواست له‌سه‌ر بتكۆین به‌رزببێته‌وه‌.

ئەدای بتکۆین بە درێژایی نیوەی یەکەمی 2023 بە ئارامییەوە هه‌نگاوى ده‌نا و ورده‌ ورده‌ رووه‌و هه‌ڵكشان ده‌چوو، هه‌تا کۆتایی مانگی حوزەیران هەر بتکۆینێک لە خوار 30 هەزار دۆلارەوە مامەڵەی پێوەده‌کرا و قازانجی نیوەى ساڵانەی نزیکەی 80%ی بەدەستهێنابوو.

بەڵام بتکۆین لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا داڕما، چونکە قەیرانی باینانس سه‌ریهه‌ڵدا و  هیچ ئاماژەیەک لەلایەن یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاشه‌وە نەبوو کە ئومێدێك به‌م دراوه‌ گریمانه‌ییه‌ ببه‌خشێت.

له‌ مانگی نۆى ساڵى رابردوودا ئه‌ستێره‌ى به‌ختى بتكۆین گه‌شایه‌وه‌، كاتێك یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا دەستیکرد بە جێگیرکردنی رێژەی سوود، سیاسەتێک تا کۆتایی  2023 بەردەوام بوو، جگە لە لێدوانەکانی به‌رپرسانى گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا كه‌ لە دوایین کۆبوونەوەی ساڵی 2023دا پێشبینییان كرد له‌مساڵدا رێژه‌ى سوود سێ هێنده‌ كه‌مبكات، ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى سووده‌ش هانى ئه‌و كه‌سانه‌ى دا كه‌ پاره‌یان له‌ بانكه‌كان هه‌یه،‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ راكێشانه‌وه‌ى پاره‌كانیان و كڕینى دراوێكى وه‌ك بتكۆین، بەم هەنگاوەش به‌های بتکۆینیان به‌رزکردەوە‌.

هه‌ر بۆیه‌ له‌ مانگى 12ى 2023دا بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی ئایاری ساڵى 2022ــەوە به‌هاى بتكۆین 40 هەزار دۆلاری تێپەڕاند و به‌راورد به‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2023 رێژه‌ى قازانجى بتكۆین 150% به‌رزبكاته‌وه‌.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button