سەرۆکی کۆمسیۆن: لە هەرکاتێکدا بێت ئامادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانین

زووم:

سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، ئامادەن بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تەنانەت ئەگەر دادگەی فیدراڵی بە سوودی سکاڵاکارەکانیش بڕیار لەبارەی کورسیی کۆتاکانەوە بدات.

حاکم عومەر سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ زووم رایگەیاند، کۆمسیۆن هەموو ئامادەکارییەکی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کردووە و بودجەى پێویستى بۆ دابینکراوە، “بۆیە ئێمە ئامادەین و بەهیواین لەکاتى خۆیدا هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت”.

سەرۆکەکەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتیشی، ئەگەر دادگای فیدراڵی بە سوودی سکاڵاکارەکانیش بڕیار بدات، کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرکاتێکدا بێت.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای لەسەر پێنج مادەی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی کوردستان تۆمارکردووە، پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.

سکاڵاکەی یەکێتی لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە لەسەر ماددەکانی (1، 9، 12، 15 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بە نادەستووریی دەزانن.

بڕیاربوو رۆژی 27ی مانگی رابردوو دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیار لەبارەی سکاڵاکەوە بدات، بەڵام دانیشتنەکەی دواخست بۆ 21ی ئەم مانگە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button