ساڵی 2023 نزیکەی هەزار حاڵەتی مادەی هۆشبەر لە هەرێم هەبوون

زووم..

ساڵی 2023، ئامارەکانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر بەرزبوونەتەوە، چیتر هەرێمی کوردستان و عێراق تەنها ناوەندی گواستنەوەی مەرگی سپی نین، بەڵکو بوونەتە ناوەندی رەواجپێدان و بەکارهێنان

ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ئاسایش رووبەڕووی 991 حاڵەتی مادەی هۆشبەر بوونەتەوە، لەو ژمارەیە 84 یان بازرگان، 254 كەسیان فرۆشیار و 653 كەسیشیان بەكارهێنەر بوون.

لە نێو هەر شەش چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستاندا، پێنج هەزار و 418 سزادراو هەن کە هەزار و 180 سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر و 520 یان بازرگان و 660 یان بەکارهێنەرن.

بەگوێرەی ئامارەكان، زیاتر لە 75 هەزار كەس لە هەرێمی کوردستان مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنن، زۆرینەیان لەنێوان تەمەنەكانی 18 بۆ 64 ساڵیدان و 23%یان ژنن.

ئەمە لەکاتێکدا لە ساڵی 2006 لە تەواوی هەرێمی كوردستان تەنها 30 کەس بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیركرابوون، ساڵی 2011 ژمارەكە بۆ 88 كەس بەرزبووەتەوە، پاشان حاڵەتەكان چەند هێندە بووە و لەئێستادا نزیکەی هەزار و 180 کەس لە چاکسازییەکان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپارە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم دەڵێت، پێشتر هەرێمی کوردستان تەنها وەکو رێگەیەک بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرکان بەکاردەهێندرا، بەڵام ئێستا بووەتە بەکارهێنەر، بەرهەمهێنەر و گوێزەرەوەی مادە هۆشبەرەکان.

بەگوتەی زێباری، لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 400 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، نیگەرانە لەوەی لە ساڵانی 2014 تاوەکو 2019 لە هەرێمی کوردستان کەیسەکانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر نەدەگەیشتنە 100 کەیس، بەڵام لەدوای ساڵی 2019 ئامارەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار.

سەبارەت بەدۆخى عێراق لە ڕوویی مادەى هۆشبەرەوە، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2023دا زیاتر لە 19 هەزار تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، 121 کەسیان بیانین، هەروەها دەست بەسەر چوار تۆن مادەی هۆشبەر و  15 تۆن مادەی کارتێکەری عەقڵیدا گیراوە

لە هەرێمی کوردستان، یاسای قەلاچۆكردنی مادەی هۆشبەر لایەنی تێوەگلاوی بە مادەی هۆشبەر پۆلێن كردووە، بەكارهێنەران بەپێی مادەی 32  دادگاییدەكرێن و سزاكەیان لەنێوان یەک ساڵ بۆ سێ ساڵ زیندانیكردندایە، لەگەڵ سزای پێنج ملیۆن دینار، ئەگەر سزادراو پارەكە نەدات سزاكەی بۆ ماوەی شەش مانگ درێژدەكرێتەوە.

سزای بازرگانیكردنیش بە هۆشبەرەوە بەپێی مادەی 28 دەبێت و سزادراو لەنێوان پێنج ساڵ بۆ زیندانی هەتاهەتایی سزادەدرێت، لەگەڵ پێدانی سزای دارایی، لە 10 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 30 ملیۆن دینار.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button