وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشە درۆنییەکان: بەرپەچدانەوەی پێویست و گونجاومان دەبێت

زووم:

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هێرشە درۆنییەکانى سێشەممەی رابردوو بۆسەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە پیرمام دەبێتەهۆی ئاشووبی زیاتر و دەڵێت، بەرپەچدانەوەی پێویست و گونجاویان دەبێت.

لە راگەیەنراوێکدا، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆسەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە پیرمام دەکەن کە لەلایەن گرووپە لە یاسادەرچووەکانەوە ئەنجامدراوە.

راشیگەیاند، سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان زامنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەشە، داواشی لە حکومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە هاوكار و پاڵپشتیان بن بۆ راگرتنی هێرشەکان کە دەبێتە هۆی ئاشووبی زیاتر بۆ ناوچەکە، وەک لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە.

وەزارەتی پێشمەرگە هێرشەکەی بە تیرۆرستی ناوبردووە و داوایکردووە هەرچی زووە بکەرانی بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنرێن.

دووپاتیشی کردووەتەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت.

پێشتر پێشەوا هەورامى گوتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاندوو، شەوى 30 مانگى رابردوو بە ٢ درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر ،کە “ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە”.

گوتەبێژى حکومەتى هەرێم راشیگەیاندبوو، ئێمە ئەو لایەنانەو حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button