بەرزبوونەوەی نرخی ئینتەرنێت، دۆخەکەی لە ئێران خراپتر دەکات

زووم:

بەرزبوونەوەی نرخی ئینتەرنێت لە ئێران کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێک لە میدیاکان ئەم کارەی حکومەتیان وەک سەرەتایەک بۆ سنووردارکردنی ناڕاستەوخۆی بەکارهێنانی ئینتەرنێت زانیوە.

رۆژی هەینی وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران رەزامەندیی دەربڕی لەسەر زیادکردنی نزیکەی 30%ی نرخی ئینتەرنێت، بەڵام نرخەکان بەرزبوونەوەی زیاتریان بەخۆیانەوە بینیوە.

کۆمەڵەی بازرگانیی ئەلیکترۆنیی تاران لە راپۆرتێکدا دەڵێت، نرخی ئینتەرنێت لەبری 30%، سێ هێندە بەرزبووەتەوە، بۆ نمونە، (هەمراه ئەوەل) گەورەترین تۆڕی پەیوەندیکردنی ئێران، پاکێجی نوێی ئینتەرنێتی بڵاوکردۆتەوە بە نرخی 6 هەزار تمەن بۆ هەر گیگابایتێک، لەکاتێکدا پێشتر نرخی هەر گیگابایتێک 2 هەزار تمەن بووە.

هەروەها دووەم گەورەترین تۆڕی پەیوەندیکردن بەناوی ئیرانسێڵ، پێشتر پاکێجی 10 گیگابایتی پێشکەش دەکرد بە 36 هەزار تمەن، لەناکاو نرخەکەی  111% بەرزکردووەتەوە و نرخی پاکێجەکە گەیشتووەتە 76 هەزار تمەن.

جگە لە نرخی ئینتەرنێت، ئێرانییەکان ناچارن پارەیەکی زۆریش بە (ڤی پی ئێن) بدەن بۆ دەربازبوون لە فلتەر و سانسۆرەکان، لەبەر ئەوەی حکومەتی ئێران زۆرێک لە ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بلۆک کردووە، نزیکەی 85%ی خەڵک دەڵێن، مانگانە زیاتر لە 100 هەزار تمەن خەرج دەکەن بۆ کڕینی فلتەرشکێنەکان، بۆیە بازاڕی ساڵانەی کڕینی فلتەرشکێنەکان یەک ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.

ماڵپەڕی چاودێریی ئێران دەڵێت، پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران لە دوای میانمارەوە لە پلەی دووەمی جیهاندایە، لە دوای چینیشەوە دووەم ئینتەرنێتی سنووردارە لە جیهاندا، هەروەها لە ریزی پێنجەم خاوترین ئینتەرنێتە لە جیهاندا.

لە دوای میانمارەوە  ئێران لە پلەی دووەمی جیهاندایە بۆ پچرانی هێڵی ئینتەرنێت

محەمەد جەواد ئازەری جەهرومی وەزیری پێشووی پەیوەندییەکانی ئێران، لە وەڵامی بەرزبوونەوەی نرخی ئینتەرنێتدا نووسیویەتی، “ئەنجامەکە روونە، خەڵک روو دەکەنە ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی لە نموونەی ستارلینک، بەوەش مەودای نێوان خەڵک و حکومەت زیاتر دەبێت”.

 

خەڵک روو دەکەنە ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی لە نموونەی ستارلینک، بەوەش مەودای نێوان خەڵک و حکومەت زیاتر دەبێت

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button