لە دەریای سپیی ناوەڕاست 14 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

 

زووم:

14 کۆچبەر، بەهۆی هەڵگەڕانەوەی بەلەمەکەیانەوە لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستدا. بەلەمەکە لە کەناراوەکانی باکووری وڵاتی مەغریبەوە بەرەو دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا کەوتبووەڕێ.

رێکخراوی کامیناندۆ فرۆنتیراسی تایبەت بە فریاگوزاریی پەنابەران، کە دامەزراوەیەکی ناحکومیی ئیسپانییە دەڵێت، 58 کەس لەسەر ئەو بەلەمە بوون، پێش گەشتنیان بە دوورگەکانی کەناری، ژێرئاو کەوتووە، 14 کەسیان گیان لەدەستدا و ئەوانی دیکە رزگارکراون.

 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابوردوو زیاد لە 38 هەزار کەس لە باکووری ئەفریقاوە خۆیانیان گەیاندووە بە دوورگەکانی کەناری

وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابوردوو زیاد لە 38 هەزار کەس لە باکووری ئەفریقاوە خۆیانیان گەیاندووە بە دوورگەکانی کەناری.
دوێنێ هەینى، هێزێکی دەریایی وڵاتی مەغریب 91 کۆچبەریان رزگار کرد، کە هەشت کەسیان ژن بوون و منداڵێکی شیرەخۆرەشیان تێدابووە.

رەوشی کۆچبەران لە سنوری وڵاتی لیبیاوە “کارەساتبارترە”. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەیانەوێت لەڕێگەی شاری تەرابولسەوە بگەن بە دەریای سپیی ناوەڕاست و لەوێشەوە بپەڕنەوە بۆ ئیتاڵیا.
پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیاش 200 کۆچبەریان رزگار کرد، کە هەموویان لە بەلەمێکدا بوون، کە هیچ مەرجێکی سەلامەتیی نەبووە.

لەبارەى دۆخى کۆچبەران بڕیارە لە شوباتی 2024 پەرلەمانی لیبیا میوانداری لە کۆنفرانسێکى نێودەوڵەتی بکات، بۆ قسەکردن لەبارەی رەوشی کۆچبەران.

هەواڵی زیاتر

Back to top button