سنوار لە حزبوڵا و هەنیە لە ئێران توڕەن

زووم:

ئۆپەراسیۆنەکەی تۆفانی ئەقسا نیگەرانیی خستووەتە نێوان کارەکتەرە شیعییەکانی ناوچەکەوە، بەتایبەتی حەسەن نەسروڵا و یەحیا سنوار، رۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی بەشێک لە نهێنی و هۆکاری نیگەرانییەکانی بڵاوکردووەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی لۆفیگارۆ، بەنهێنی هێشتنەوەی هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، هۆکاری سەرەکیی نیگەرانیی نەسروڵایە، لەکاتێکدا بیرۆکەی هێرشەکەی تۆفانی ئەقسا ماوەی دوو ساڵە لەئارادابووە، یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس لە ئوردن بە لۆفیگارۆی گوتووە، ساڵی 2021 بۆ یەکەم جار باسی ئەو پەلامارانەی لەگەڵدا کراوە.

بەڵام ئوسامە حەمدان، سەرکردەیەکی دیکەی حەماسە و لە بەیروت دادەنیشێت، دەڵێت، لەکاتی سەیرکردنی تەلەفزیۆندا و لە هەواڵەکانەوە بە هێرشەکەی حەماسی زانیوە و پێشتر هیچی لەبارەوە نەزانیوە، حەمدان دەڵێت، تاکەکەسێک کە لەپێش روودانی پەلامارەکەوە لێی ئاگادار بووبێت، بریتییە لە ساڵح عاروریی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس.

حەمدان ئاشکراشیکردووە، ساڵح عاروریش تەنها پێش نیو سەعات لە ئەنجامدانی هێرشەکە، بە چالاکییەکەی زانیوە، یەحیا سنوار تەلەفۆنی بۆ کردووە و پێی گوتووە، حەسەن نەسروڵا لە ئەنجامدانی هێرشەکە ئاگاداربکات.

لۆفیگارۆ شێوازی بەنهێنی هێشتنەوەی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسای گیڕاوەتەوە، دەڵێت، یەحیا سنوار و محەمەد زەیف بە نهێنی ئامادەکارییان بۆ کردە سەربازییەکە کردووە، سنوار و زەیف زۆربەی ئەو سەرکردانەی کەتیبەکانی قەسامیان گۆڕیوە کە پێشتر ئیسرائیل ناسیونی و کەسانی نوێی نەناسراویان خستۆتە جێگەکانیان، بە سەرکردە کۆنەکانیشیان گوتووە، هیچ جێگۆڕکێیەک لە شوێنی نیستەجێبوونی خۆیاندا نەکەن، بە سەرکردە نوێکانیشیان گوتبوو پەیوەندی بە یەکترەوە نەکەن.

بۆیە بەگوێرەی راپۆرتەکەی لۆفیگارۆ، حەسەن نەسروڵا توڕەیە لەوەی کە ئێران و حەماس لەبارەی پلانەکەوە ئاگاداریان نەکردووەتەوە، یەحیا سنوار و محەمەد زەیفیش توڕەن لەوەی، کە پاش هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، نەسروڵا هێزەکانی حزبوڵای بەکارنەهێناوە بۆ سەرقاڵکردنی ئیسرائیل لە بەرەی باکوورەوە، تەنانەت بە نامەیەک توڕەییەکەیان پێگەیاندووە.

دوو لایەنی دیکەش کە لەیەکتری نیگەرانن، حەماس و ئێرانن، بەوپێیەی بە گوتەی لۆفیگارۆ، هەر لەو کاتەدا ئیسماعیل هەنیە سەردانی تارانی کردووە و داوای لە عەلی خامنەئی کردووە بچنە ناو شەڕەکەوە، بەڵام ئێران قبووڵی نەکردووە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button