12 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی تێدەپەڕێت و تا ئێستا کەس لەسەر ئەو رووداوە سزا نەدراوە

زووم:

12 ساڵە کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکێی باکووری کوردستان ئەنجامدراوە، تا ئێستا کەس بەرامبەر ئەنجامدانی تاوانەکە سزانەدراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی سەر بە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان تێپەڕدەبێت، هەموو ساڵێک یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن کەسوکارەکانەوە دەکرێتەوە و داواکاریی خۆیان بۆ دادپەروەری دووپاتدەکەنەوە.

کەسوکارى قوربانیانى ئەو کەسانەی لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکە گیانیان لەدەستدا، وەرگرتنی پارە لەبری خوێن رەتدەکەنەوە، داواکارن بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکە بدرێنە دادگا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 12 ساڵ، تا ئێستا بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەوە هیچ بەرپرسێکی تورکیا دادگایی نەکراوە.

داواکاری گشتیی سەربازیی تورکیا، لە کانوونی دووەمی ساڵی 2014 بێ سزادانی بکەرانی تاوانەکە، دۆسیەى کۆمەڵکوژییەکەى داخست.

له‌ 28ی کانوونی یەکەمی 2011دا، لە گوندەکانی بێجە و رۆبۆسکی سەر بە پارێزگای شرنەخ لە باکوورى کوردستان لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، 34 کەسى مەدەنى ، کە لە باشووری کوردستان دەگەڕانەوە لە ناوچەی حەفتانین گیانیان لەدەستدا، کە 19 کەسیان مێرمنداڵ بوون.

ئەو کەسانە بازرگانى سەر سنووریان دەکرد و بە گوێرەى بەڵگەنامەکان ئەوکات هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەو بازرگانییەی سەر سنوور ئاگادار بوون، کە لەنێوان باشوور و باکوورى کوردستان کراوە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button