هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووان کێشەی خۆراک و ئاوی بۆ ئێرانییەکان دروستکردووە

سەرەڕای هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان، هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووانی ئێران سەریکێشاوە بۆ قەیرانی خۆراک و ئاو.

ژمارەی دانیشتووانی ئێران نزیکە لەوەی بگاتە 90 ملیۆن کەس، ئەمەش فشاری لەسەر پێداویستییە رۆژانەکانی خەڵک دروستکردووە.

بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی رۆژانە بۆ 84%، ئێران رووبەڕووی قەیرانی توندی ئاسایشی خۆراک بووەتەوە و ئێستا وڵاتەکە لە رووی هەڵاوسانەوە پلەی حەوتەمی خراپترین وڵاتانی گرتووە.

هەر ناوەندە نێودەوڵەتییەکان نین کە قسە لەبارەی قەیرانی خۆراک و ئاو دەکەن، بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی تەجارەت نیوز، کە ناوەندێکی گوێلێگیراوی ئێرانە، بەرزبوونەوەی نرخ وایکردووە دەستڕاگەیشتن بە خۆراک بۆ بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووان زەحمەت بێت، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی لەبارەی ئەگەری بەدخۆراکی و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان.

بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئەمساڵ گەیشتووەتە 60%، ئەمەش کێشەی ژیان و ئابوریی نزیکەی 40 ملیۆن کەس زیاتر دەکات

هەڵکشانی هەژارییەکە وایکردووە، دەستگەیشتنی بەشێکی زۆری ئێرانییەکان بە ماددە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەک گۆشت، شیرەمەنی و دانەوێڵە قورستر بێت.

شارەزایان لەمێژە هۆشدارییان داوە سەبارەت بە مەترسیی بەدخۆراکی لە ئێران، میدیاکان باس لەوە دەکەن، لە بەشێک لە پارێزگاکاندا لاوازی و باڵاکورتی بوونەتە پرسگەلێکی باوی پەیوەست بە دەستگەیشتن بە خۆراکی پێویست.

ئامارە فەرمییەکان ئاشکرایدەکەن، نزیکەی 16%ی منداڵان لە ئێران بەدخۆراکییان هەیە و نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ وزە و ماددەی پرۆتینی و خۆراکیی پێویستیان نییە بۆ ژیانی ئاسایی، جگە لەوەش 57%ی تەواوی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بە بەدخۆراکی دەژین.

جگە لە قەیرانی خۆراک، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانەوە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران لەگەڵ قەیرانی ئاودا دەجەنگن، ئەمەش مەترسی لەسەر کشتوکاڵ وەک بناغەی دابینکردنی خۆراک دروستدەکات.

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button