پاسداران دەڵێت تۆفانی ئەقسا لە تۆڵەی سولەیمانیدا بووە و حەماسیش دەڵێت وا نییە

زووم:

یەکەمجارە سوپای پاسدارانی ئێران جۆرێک لە بەرپرسیارێتی لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆسەر ئیسرائیل هەڵدەگرێت و دەڵێت، هێرشەکە تۆڵەکردنەوە بوو لە کوژرانی قاسم سولەیمانی، حەماسیش بەپەلە ئەو لێدوانەی رەتیکردەوە و دەڵێت، وا نییە و هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە.

رەمەزان شەریف، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا قسەی لەبارەی کوشتنی رازی موسەوی، فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە لە سوریا کردووە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.

گوتەبێژەکەی پاسداران رایگەیاند، زۆر پرسیار دەکرێت، ئاخۆ کوا تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانی کە ساڵی 2020 لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە فڕۆکەخانەی بەغداد کوژرا، دەشڵێت، تۆفانی ئەقسا یەکێک بوو لە تۆڵەکردنەوەکان دژی کوژرانی سولەیمانی کە “رۆڵەکانی بەرەی بەرخۆدان لە فەلەستین” ئەنجامیان داوە.

گوتەبێژەکەی سوپای پاسداران دەشڵێت، سوپای پاسداران هۆکاری کوشتنی رازی موسەوی دەزانێت و پێویستە ئیسرائیلییەکان بزانن، کە ئێران وەڵامی ئەو کارەش دەداتەوە.

دواتر رەمەزان شەریف لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید رایگەیاند، لێکدانەوەی هەڵە بۆ قسەکانی کراوە و مەبەستی لەوە نەبووە، کە هێرشەکەی حەماس لە تۆڵەی کوژرانی سولەیمانیدا بووە.

هەر زوو بزوتنەوەی حەماس راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لێدوانەکەی گوتەبێژی سوپای پاسداران هیچ راستییەکی بۆ نییە و چەندینجار جەختیانکردووەتەوە هۆکار و پاڵنەری هێرشەکەیان روونکردنەوەتەوە کە هەڕەشەکانی سەر مزگەوتی ئەقسا لە قودس لە سەرەکیترینیان بووە.

لە سەرەتای هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل، بەرپرسانی ئێرانی چەندینجار جەختیانکردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری هێرشەکە نەبوون و بڕیارێکی تەواو فەلەستینی بووە، هەر ئەو کاتە ئەمریکا و ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەکانیش چەندین راپۆرتیان بڵاوکردەوە کە ئێران و حزبوڵای ئێرانیش ئاگاداری هێرشەکە نەبوون و ئەوانیش وەک جیهان تووشی شۆک بوون.

هەواڵی زیاتر

Back to top button