ژمارەیەک مامۆستای ئاینی لە بەغداد دژی سوکایەتی بە مەلا عەبدولکەریمی مودەریس وەستانەوە

 زووم..

ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی کە پێشنوێژ و گوتارخوێنی چەند مزگەوتێکی بەغدادن لە بەردەم مزگەوتی مەعروفی گردبوونەوە و داوای دادگایکردنی مەهدی سمێدعی، موفتی گشتیی عێراقیان کرد دژی لێدوانێکی ناوبراو کە تێیدا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، زانای ئاینیی کوردی عێراقی تۆمەتبارکردووە بەوەی پیاوی حکومەتی بەعس بووە.

پێشتر سمێدعی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، “زانایانی ئاینی، بە مەلا عەبدولکەریمی مودەریسیشەوە، گوتەبێژی حکومەتی پێشوو بوون”، وەک ئاماژەیە بە حکومەتی بەعس.

 

سمێدعی مامۆستایەکی ئاینیی سونەیە و سەرۆکی دەزگای فەتوای عێراقییە کە نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق دایناوە، بەڵام زۆرێک لە سونەکان بە نوێنەری خۆیانی نازانن و دەڵێن، خزمەتی سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق دەکات.

لە گردبوونەوەکەدا، ئەو مامۆستا ئاینیانە رایانگەیاند کە سمێدعی سوکایەتی بە زانایەکی ئاینیی گەورە کردووە کە موفتی عێراق بووە و داوایانکرد بدرێتە دادگای پەیوەندیدار، هەروەها داوایان لە وەقفی سونی کرد سمێدعی لە گوتاردان دووربخاتەوە.

نوێنەری ئەو مامۆستا ئاینیانە ناوی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسی وەک عەلامەی سەردەمان ناوبرد و رەتیانکردەوە سوکایەتی پێ بکرێت.

مەلا کەریمی مودەڕیس زانا و فیقهناس و نوێگەری کورد بوو، لەدایکبووی ساڵی 1905ی بیارەیە و لە کۆڕی زانستەکاندا زۆر شارەزا بووە، دواتر چووەتە بەغداد و بووەتە موفتی عێراق، ناوبراو لە ڕۆژی 29ی ئابی 2005دا کۆچی دوایی کرد و هەر لە ناو مزگەوتەکەی خۆیدا لە بەغداد بەخاکسپێردرا

هەواڵی زیاتر

Back to top button