بەرامبەر کوشتنی موسەوی ئێران هەڕەشەی توند لە ئیسرائیل دەکات

زووم

یەکەم جار نییە ئیسرائیل فەرماندەیەکی سەربازیی ئێران بکاتە ئامانج، بەڵام لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، کاردانەوەکانی ئێران بەرامبەر کوشتنی ڕەزی موسەوی، توندترین بوو.

لە دوای دەستپێکی شەڕی غەزەوە، یەکەمجارە ئیسرائیل هێرشێکی راستەوخۆ بکاتە سەر هێزەکانی ئێران و فەرماندەیەکی وا باڵا بەئامانجبگرێت، ئیسرائیل، موسەویی لە نزیک دیمەشق کردە ئامانج.

دوای ئەوەی سوپای پاسداران ناسنامەی موسەوی ئاشکراکرد و رایگەیاند، هاوڕێی قاسم سولەیمانی بووە، دەرکەوت بۆچی کاردانەوەکانی ئێران ئەوەندە توند و هەڕەشەئامێز بوون، ئەمە جگە لەوەی بەرپرسی پشتیوانی و لۆجستیی سوپای قودسی پاسداران بووە لە سوریا.

هەر زوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران هەڕەشەی کرد، گوتی “ئیسرائیل باجی ئەم تاوانە دەدات”.

هەروەها حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەڕەشەی “تۆڵەی نزیک و سەخت”ی لە ئیسرائیل کرد.

دوابەدوای کوژرانی “گرنگترین” بەرپرسی ئێرانی لە سوریا، لە تاران گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا و داوای وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوەی ئیسرائیل کرا.

تا ئێستا ژمارەی ئەو فەرماندە و ئەندامانەی سوپای پاسداران و هێزەکانی ئێران کە لە سوریا کوژراون، بەدیاریکراوی دیارنییە، بەڵام ماڵپەڕی ئێران گڵۆباڵ دەڵێت، زیاتر لە شەش هەزار و  500 کەسن.

لە مانگی یەکی ساڵی 2017وە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ناوبەناو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە سوریا ئەنجامدەدات، تەنها لە ساڵی 2018دا نزیکەی دوو هەزار بۆمبارانی ئەنجامداوە.

دیارنییە ئێران چۆن هەڕەشەکانی رەئیسی و عەبدوڵڵاهیان بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکاتە کردار، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر، هەر لەچوارچێوەی شەڕی ناراستەوخۆ و لەلایەن ئەو هێزانەوە دەبێت، کە نزیکن لە ئێرانەوە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button