عێراق لە چاوەڕوانیی سزای ئەمریکادا

زووم:
حکومەتی عێراقی لە ئاست گروپ و میلیشیا چەکدارییەکان دەسەپاچەیە و پێناچێت وا زوو رێگە و ئامرازێک بدۆزێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنیان.

لە هەشتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، 103 هێرش کراونەتە سەر بنکە و ئامانجە ئەمریکییەکان لە عێراق و سوریا.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، کە زانیارییەکانی لە بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمریکییەوە وەرگرتووە، لە هێرشەکانی ئەمدواییەی گروپە چەکدارییەکانی عێراق بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا، کوژراو هەیە و کۆشکی سپی نەیویستووە ئاشکرای بکات.

چڕبوونەوەی هێرشی میلیشیاکان، چەند ئەمەریکای نیگەران کردووە، هێندە و زیاتریش حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانیی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بێئارام کردووە، بەجۆرێک رۆژنامەی کڕۆیدڵی ئەمریکی نووسیویەتی، حکومەتی عێراق بەدژوارییەکی سەختدا تێدەپەڕێت و ناتوانێت رێوشوێنێک بدۆزێتەوە کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکانی بکات.

راپۆرتێکی رۆژنامە ئەمریکییەکە، هۆشدارییەکانی ولیام برێنز بەڕێوەبەری CIA، بۆ محەمەد شیاع سودانی و نیگەرانییەکانی ئەمریکای لە گروپە چەکدارییەکان بەبیرهێناوەتەوە، هەر ئەوکات بێرنز بە سودانی گوت، ئەگەر ئەو رەوشە بەردەوامبێت، عێراق بێ سزا لێی دەرناچێت.

هاوکات ناوەندی جاکوبن فاوندەیشنی ئەمریکی بۆ تویژینەوە، لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، چەند جارێک محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر رێوشوێنی کۆنتڕۆڵکردنی گروپە چەکدارییەکان و دەستگیرکردنیان، دواوە، بەڵام رەتیدەکاتەوە لەسەر ئەگەری پێکدادانی حکومەتی عێراقی و ئەو گروپە چەکدارانە هیچ جۆرە لێدوانێک بدات.

ئەو ناوەندەی توێژینەوە ئەوەشی نووسیوە، ئێران دەستوپێی عێراقی بەستووە و ناتوانێت بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و بێ تەمومژ بدات .

بۆیە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس لە راپۆرتێکیدا باس لە سزادانی عێراق دەکات لە ئەگەری کۆنترۆڵنەکردنی گروپە چەکدارەکان و نووسیویەتی، ئەو سزایانەی ئەمریکا پێشتر بەسەر عێراقدا سەپاندبووی، ئەگەرێک لە ئارادا هەیە دووبارە بیسەپێنێتەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button