مەزڵوم عەبدى: تورکیا سیاسەتى قڕکردن لە رۆژاڤا پیادەدەکات

زووم ئامار و داتای ئەو ژێرخانە ئابوورییانەى رۆژاڤا ئاشکرا دەکات کە تورکیا بۆردومانى کردوون

زووم:

 

مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژاڤا، لە لاپەڕەى تایبەتى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، هێرشی دوژمنکارانەی تورکیا وەرچەرخانێکی مەترسیدارە، بە ئامانجکردنی ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەبێتە هۆی گەیاندنی زیانی زۆر بە هاووڵاتیان و ئاماژەیەکە بۆ پیادەکردنى سیاسەتی نوێی قڕکردن.

مەزڵووم عەبدی داوا لە تورکیا دەکات گرنگى بە دۆسیە نێوخۆییەکانی بدات و لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدا چارەسەریان بکات، دەشڵێت، جەختکردنەوە لەسەر کردنەئامانجی بێکۆتایی، ئاستی نیگەرانییەکان و گرژییەکان زیاد دەکات و هەوڵەکانی سەقامگیری کەمدەکاتەوە و مەترسییەکانی دەرەوەی سنووریش زیاد دەکات.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بۆ راگرتنی تورکیا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بکات و دەڵێت، بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیەکی ترسناکە، چاومان لەو رێککەوتننامانەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەمانە بۆ خۆلادان لە تێكچوونی دۆخەکە و روودانی شەڕێکی گەورە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیاش، چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانەکان، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان لە باکووری عێراق و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە مەبەستی هەرێمی کوردستان و رۆژاڤایە، دەستپێکردووە و 29 پەناگە و ئەشکەوت و کۆگا و وێستگەی نەوتییان بۆردومان کردووە.

لە راگەیەنراوەکەی تورکیادا هاتووە، ئەو شوێنانەى بۆردومان کراون، بریتین لە قامشلۆ و تربەسپی و عامودێ و دێرک، کە بەوتەی وەزارەتەکە، شوێنی مانەوەی گەریلا و شەڕڤانان بووە و بەو هۆیەوە 26 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەى زانیارییە نێوخۆییەکانى رۆژاڤا، تورکیا ٣٧ شوێنی ژێرخانی، ٢٥٣ شوێنی نیشتەجێبوون و ٤١ شوێنی سەربازیی بۆردومانکردووە، هەروەها ٪٨٨ی شوێنە ئامانجدارەکان ناوچەی سڤیل بوون و دوور بوون لە ناوچەی سەربازی.

زوومی رۆژاڤا، زانیوێتى، لە بۆردومانەکەى تورکیا، 22  ناوەندی خزمەتگوزاری و بازرگانى لە قامیشلۆ و کۆبانى کراونەتە ئامانج و 8 هاوڵاتى گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکە برینداربوون.

ئەو ژێرخانە ئابورییانەى تورکیا بەئامانجی گرتوون:

 

  1. کارگەى پیشەسازی لە گەڕەکى عەلایا
  2. ناوەندێکى پیشەسازیی بیناسازی لە باکوورى قامیشلۆ
  3. چاپخانەى سیماف لە رۆژهەڵاتى قامیشلۆ
  4.  ئاشی هاڕینى دانەوێڵە
  5.  کارگەى دروستکردنى کەلوپەلی کشتوکاڵی
  6.  وێستگەى شەمەندەفەر لە ناوەندی شاری قامیشلۆ
  7.  کارگەى رۆهلات بۆ بەرهەمھێنانى زەیتى زەیتوون لە قامیشلۆ
  8.  کارگەى ئاڵفی ئاژەڵ
  9.  کارگەى درومان
  10.  هۆڵی ئاهەنگەکانى کەرەم لە جەزیرە
  11.  نەخۆشخانەى مشتەنوور
  12.  ناوەندی تەندروستىی شۆردنى گورچیلە
  13.  کێڵگەى پەلەوەری لەسەر رێگەى حەلەب

 

 هەندێک لەم شوێنانە زیاتر لە جارێک و هەندێکیان پێنج جار بۆردوومان کراون

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button