ئەمریکا: بەردەوام دەبین لە دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق

زووم:
ئالینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی دۆلار بۆ عێراق.

رۆمانۆڤسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و بۆ یەکەمجارە چەند بانکێکی عێراقی پەیوەندییان لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان دروستکردووە.

باڵیۆزی ئەمریکا راشیگەیاند، ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنییە بە ئاڕاستەی چاکسازی لە کەرتی بانکیی عێراقدا و دووپاتیکردەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاریی دۆلار لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ئابوریی عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە، ناوەڕاستی ئەم مانگە، شاندێکی بانکی ناوەندی عێراق و بانکی فیدراڵی ئەمریکا لە دوبەی ئیمارات کۆبوونەوەو لە کۆبوونەوەکە شاندە ئەمریکییەکە دڵنیایی دابوو بە شاندە عێراقییەکە، کە لە ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبن لە ناردنی بڕی پێویستی دۆلار بۆ عێراق.

ئەو کۆبوونەوەیە، کاریگەری لەسەر نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار داناو بەو هۆیەشەوە چەند رۆژێکە، نرخەکەی بەردەوام روو لە بەرزبوونەوە دەکات، بە شێوەیەک لە کۆتا مامەڵەکانی رۆژ ئەمڕۆ یەک شەممە هەر 100 دۆلارێک بە 151,100 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەکراوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button