ئەمریکا راستەوخۆ ئێران تۆمەتباردەکات و ئەگەرەکانی فراوانبوونی جەنگ قووڵتر دەبنەوە

▪️زووم..

 

تادێت فراوانبوونی ئەو جەنگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەمووان هۆشداریيان لەبارەوە دەدا قووڵتر دەبێتەوە و ئێرانیش راستەوخۆتر تۆمەتباردەکرێت.

بەیانی رۆژی یەکشەممە فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم رایگەیاند، کەشتی گەلی یو ئێس ئێس لابۆن ئەمریکی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی سەر بە ئێرانی لە دەریای سوور خستووەتەخوارەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دوو کەشتی بازرگانیش بە مووشەکی بالیستی دژە کەشتی هێرشیان کراوەتە سەر، مووشەکەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان بەرەو ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور ئاڕاستە کراون و کەوتوونەتە دەریاوە.

گەرمبوونی دۆخەکە تەنها لە دەریای سوورەوە نییە، رۆژی شەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوو، هێرشی کردە سەر کەشتییەکی هەڵگری مادەی کیمیایی لە نزیک کەناراوەکانی هیندستان.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، ئەوە حەوتەمین هێرشی ڕاستەوخۆی ئێرانە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ساڵی 2021ەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لە دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر کەشتییەک.

بەرپرسانی رۆژئاوا دەڵێن، ئێران جگە لە پێدانی چەکی وەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانی، زانیاریی ئەمنی و هەواڵگریی ڕاستەوخۆ بەو گروپانە دەدەن.

هەرچەندە عەلی باقری کەنی، جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێران تێوەگلانی وڵاتەکە لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور ڕەتکردەوە بەڵام بەرپرسێکی سوپای پاسداران دەڵێت، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت چاوەڕێی داخستنی ڕێگاکانی دیکەش بن وەک داخستنی دەریای ناوەڕاست و گەرووی جەبەل تاریق.

بەڵام وادیارە ئەمجارە رەتکردنەوەی ئێرانییەکان دۆخەکە ئاسایی ناکاتەوە، دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەڕەشەی ئێرانی بە یەکێک لە پێنج قەیرانە بەرچاوەکان ناوبرد کە “هەلومەرجێکی زۆر سەختیان لە جیهاندا دروستکردووە”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button