دادگاى فیدراڵی لەبارەى دواکەوتنى مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ، یەکشەممە دادگاى فیدراڵیى عێراق، لەبارەى پرسی دواکەوتنى مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، دوو سکاڵا لەلایەن هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانەوە تۆمارکراوە.

لە کارنامەى دانیشتنى دادگاکەدا هاتووە ئەمڕۆ، گفتوگۆ لەبارەى دوو سکاڵا دەکات، “کە پەیوەستن بە هەرێمى کوردستانەوە” ئەمە جگە ژمارەیەک سکاڵای دیکە، کە پەیوەست نین بە هەرێمى کوردستانەوە.

دوو سكاڵاکە لەسەر مادەی 12 و 13 یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە.

سکاڵاى یەکەم بە ژمارە 269 چوار هاوڵاتى هەرێمى کوردستان لە دادگاکە لەسەر محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان تۆماریان کردووە، سکاڵاکە لەسەر ئەوەیە، مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان 30 رۆژ جارێک مووچەیان پێنادرێت.

سکاڵاى دووەم بە ژمارە 247 لەلایەن نۆ فەرمانبەرى هەرێمى کوردستانەوە لەسەر سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دارایی تۆمارکراوە. ناوەڕۆکى ئەم سکاڵایە لەبارەى دواکەوتنى دابەشکردنى مووچە و راگرتنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانە.

لە پاش قەیرانى دارایی هەرێمى کوردستان، لە ساڵى 2015ـەوە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان راگیراوە، بەرپرسیانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لێرە و لەوێ کاتێک پرسیاریان لێکراوە، لە وەڵامدا هۆکارەکەیان خستووەتە ئەستۆى حکومەتى فیدراڵى، کە بودجەى هەرێمى کوردستان نانێرێت.

لە یاساى بودجە سێ ساڵییەکەى عێراقدا لە مادەکانى 12 و 13 چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداد داڕێژکراوە، بەڵام وەک خۆیی جێبەجێنەکراوە، لە دواین کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان هەنگاوەکانى هەموارکردنەوەى یاساکە گفتوگۆى لەسەرکراوە، پێشتریش سودانى لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى رووداو باسی لە چارەسەرى کێشەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان کرد.

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رۆژى چوارشەممە رایگەیاند، چاوەڕوانییان لە حکومەتى فیدراڵە لە ساڵى تازەدا کێشەى مووچە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button