له ‌دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌ندا ژنێک لە دوو رۆژدا دوو منداڵی بوو

زووم:

ژنێکی ئەمریکی لە ماوەی دوو رۆژدا دوو منداڵی کچی بوو، ئەوەش حاڵەتێکی تەندروستیی دەگمەنە و ئەگەری روودانی لە ملیۆنێکدا تەنها یەک جارە، ماوەی نێوان لەدایکبوونی ئەو جووت خوشکە 20 کاتژمێر بووە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو كلێسی هاچه‌ری ته‌مه‌ن 32 ساڵه منداڵی یه‌كه‌می لەدایکبوو، منداڵی دووه‌میشی له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌دا و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی زانكۆی ئه‌لاباما له‌ بێرمینگهامی ئەمریکی هاتەدنیاوە.

دەکرێت ئەو دوو منداڵە بە دووانە هەژمار نەکرێن، چونکە هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی ڕۆژی له‌دایكبوونی جیاوازی خۆیانن.

هاچەر له‌ ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا بۆی ده‌ركه‌وت، كه‌ دوو منداڵدانی هه‌یه‌، ‌ نه‌خۆشخانه‌ی زانكۆی ئه‌لاباما به ‌دیارده‌یه‌كی شێواو و ده‌گمه‌نی له‌ قه‌ڵه‌مدا کە تەنها لە 0.3%ی ئافرەتاندا روودەدات.

به‌پێی تیمی پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌كه‌، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌ر منداڵدانێك كۆرپه‌له‌یه‌ك هه‌ڵگرێت ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌، به‌ڕێژه‌ی یه‌ك حاڵەت لە ملیۆنێکدا.

حاڵەتێکی دیکەش هاوشێوە هەیە، له‌ ساڵی 2019دا پزیشكێك له‌ به‌نگلادش به‌ بی بی سی راگه‌یاند، ئافره‌تێك دووانه‌یه‌كی بووه‌، نزیكه‌ی مانگێك پێش واده‌ی سروشتی خۆی منداڵێكی بووه‌ و دواتر منداڵدانه‌كه‌ی دیکەشی.

كيلسي هاتشر بعد الولادة

پێشترهاچه‌ر چه‌ند جارێك منداڵی بووه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی سروشتی، ئەمجارەش له‌و بڕوایه‌دابووه،‌ كه‌ یه‌ك منداڵی دەبێت، له‌دوای ئه‌وه‌ی وێنەی تیشكی گرتووه‌ بۆی ڕوونبووه‌ته‌وه‌ كه‌ منداڵێكی دیکەی له‌ منداڵدانه‌كه‌ی دیکەدا هه‌یه‌.

ریچارد دەیڤس، پڕفیسۆری پزیشكیی منداڵبوون، کە خۆی به‌شداری نه‌شته‌رگه‌رییه‌کەی کردووە دەڵێت: هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ ته‌ندروستیان باشه‌ و گەشە ده‌كه‌ن، ئەوەشی بۆ ئه‌وه‌ گەڕاندەوە، كه‌ هه‌ر منداڵێكیان له‌ نێو منداڵدانێكدا بووه‌، به ‌پێچه‌وانه‌ی دووانه‌كانی دیکەوە كه‌ هه‌ردووكیان له‌ یەک منداڵداندا ده‌بن.

دەیڤس دەشڵێت، هه‌رچۆنێك بێت هه‌ردوو منداڵه‌كه ‌له‌ یه‌ك سكدا بوون، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی خانووی خۆی بووە.

هاچەر و خێزانەکەی ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە و سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، ئەو ده‌ستخۆشی له‌ تیمه‌ پزیشكیه‌كه‌ی كرد و به‌ تیمێكی زۆر باش و جوان وه‌سفی كردن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button