دەم پارتى دەنگۆى کاندیدکردنى لەیلا زانا بۆ سەرۆکشارەوانى ئامەد رەتدەکاتەوە

زووم:

میدیاى نزیک لە دەم پارتى، دەنگۆى کاندیدکردنى لەیلا زانا، پەرلەمانتارى پێشووى هەدەپە بۆ سەرۆکشارەوانییەکانى باکوورى کوردستان رەتدەکاتەوە، پرۆسەى وەرگرتنى سیڤییەکانیشی بۆ 25ـى ئەم مانگە درێژکردەوە.
بەگوێرەى هەواڵێکى رۆژنامەى دیوار، دەم پارتى پێشنیازى بۆ لەیلا زانا کردووە، لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا بۆ گەورە سەرۆکشارەوانى ئامەد خۆى کاندید بکات، بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسانى پارتەکە گفتوگۆیان لەگەڵ لەیلا زانا کردووە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێکى یەکلاییکەرەوە لەوبارەیەوە نەدراوە.

ئەم هەواڵە لە باکوورى کوردستان دەنگدانەوەى زۆرى بەدواداهات، بەڵام ئەمڕۆ ئاژانسى مێزۆپۆتامیاى نزیک لە دەم پارتى، هەواڵەکەى بە دەنگۆى ناڕاست وەسفکرد.
ئاژانسەکە بەناوى سەرچاوەک لە دەم پارتییەوە بڵاویکردەوە، کە رەتیکردەوە پارتەکە داواى لە لەیلا زانا کردبێت خۆى کاندید بکات.
دەڵێت، ئەو کەسانەى سى ڤییان پێشکەش بە پارتەکە کردووە، ئەنجومەنى پارتەکە بە دەنگدان پەسەندیان دەکەن و دواتر ناوەکانیان بۆ رایگشتى ئاشکرا دەکەن.

رۆژى 31ـى ئازارى 2024 بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە تورکیا و باکوورى کوردستان دیاریکراوە. لە باکوورى کوردستان، زۆرترین چاو لەسەر کاندیدەکانى دەم پارتییە، لەبەرئەوەى ئەم پارتە پاشکۆى پارتە کوردییەکانى وەک، پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە)، پارتى ئاشتى و دیموکراسى (بەدەپە) و پارتى کۆمەڵگەى دیموکراتییە (دەتەکە)ـیە.
دەک پارتى لە باکوورى کوردستان و لە تورکیا خاوەن مێژووییەکى خەباتى سیاسییە و لەلایەن گەلى کورد و دەنگدەرى کوردەوە زۆرترین پاڵپشتى لێدەکرێت. تاکە لایەنى کوردییە لە هەڵبژاردنەکاندا دەتوانێت بەربەستى هەڵبژاردن ببڕێت و نوێنەرى خۆى بنێرێتە پەرلەمان.

دەم پارتى لە سەرتاسەرى تورکیا لەنێوان 8% بۆ 10%ـى رێژەى دەنگەکانى “مسۆگەرە” و ئێستاش لە پەرلەمانى تورکیا نزیکەى 70 پەرلەمانتارى هەیە.
بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەنگۆى کاندیدکردنەوەى چەند سیاسەتمەدارێکى ناودارى کورد لەسەر لیستى دەم پارتى هەیە، لەوانە ئەحمەد تورک، سەرۆکى پێشووى گەورەشارەوانى ماردین و لەیلا زانا پارلەمانتارى پێشووى بەدەپە.
کاندیدبونەوەى ئەحمەد تورک ئەگەرى زۆرە، بەڵام بۆ لەیلا زانا هێشتا ناڕوونە .

لەیلا زانا، 3ـى ئایارى 1961 لە شارۆچکەى فارقینى سەر بە ئامەد لەدایکبووە. ئەو ساڵى 1991 یەکەم ژنى کورد بوو، بوو بە پەرلەمانتار و چوار خوول پەرلەمانتار بوو.
ئەوکاتەى بۆ یەکەمجار بوو بە پەرلەمانتار لەگەڵ شەش پەرلەمانتارى هاوڕێی بە زمانى کوردى سوێندی یاساییان خوارد، بەهۆیەوە بە 15 ساڵ زیندانى سزادران، لەیلا زانا دواى 10 ساڵ زیندانى ساڵى 2004 ئازادکرا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button