نیو سەدەی بە بێتاوانی لە زینداندا بەسەربرد

سیمۆنس 48 ساڵ لەسەر تاوانێک زیندانیکرا، کە ئەنجامی نەداوە

زووم:

دادگایەکی ئەمریکا دوای بەسەربردنی 48 ساڵ لە زیندان، بڕیاری بێتاوانی بۆ زیندانییەک دەرکرد.گلین سیمۆنس ئەو هاوڵاتییە ئەمریکیە رەشپێستەیە کە سەر و ریشی لە زینداندا سپی کرد بەبی ئەوەی هیچ تاوانێکی ئەنجامدابێت.

دادگای ویلایەتی ئۆکلاهۆمای ئەمریکا بڕیاری بێتاوانیی بۆ سیمۆنسی تەمەن 70 ساڵ دەرکرد، کە 48 ساڵی ژیانی لە زینداندا بەڕێکرد، ئەمەش بە درێژترین ماوەی زیندانیکردن دادەنرێت لە مێژووی ئەمریکادا کە بە بڕیارێکی هەڵەی دادگا بەسەر کەسێکدا سەپێنرابێت.

چەند رۆژی رابردوو دادگا بڕیاریدا بەڵگەی روون و بڕواپێکەر هەن کە ئەو تاوانەی  سیمۆنسی  پێ تاوانبار و زیندانی کرا، لەلایەن ئەوەوە ئەنجام نەدراوە.

ئەوکاتەی حوکمدرا، سیمۆنس تەمەنی تەنها 22 ساڵ بوو، ئەوکات لەگەڵ کەسێکی دیکە بەتۆمەتی کوشتنی کەسێک لەکاتی دزیکردن لە دوکانێکی خواردنەوە کحولییەکان، لە ساڵی 1975 حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.

دواتر بەهۆی حوکمەکانی دادگای باڵای ئەمریکا لەبارەی سزای لەسێدارەدان، سزاکانیان بۆ زیندانیی هەتاهەتایی کەمکرایەوە.

سیمۆنس لە گوتەکانیدا لەبەردەم دادوەر بەردەوام نکوڵیی لەوە کردووە تاوانەکەی ئەنجامدابێت، هەر لە بنەڕەتدا لەکاتی تاوانەکەدا لەو ویلایەتەش نەبووە.

لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ، دادگەی ناوچەکە بڕیاری ئازادکردنی بۆ سیمۆنس دەرکرد و ئاشکرایکرد، کە داواکارانی دۆسیەکە تەواوی بەڵگەکانیان پێشکەش بە دادوەرانی بەرگریکار نەکردووە، یەکێک لە بەڵگەکان باسی لەوە کردووە کە شایەتحاڵێک هەبووە تاوانبارە راستەقینەکەی دەستنیشانکردووە، بۆیە رۆژی سێشەممە دادگا بڕیاری بێتاوانیی سیمۆنسی دا و وتی، پەیوەندیی بە رووداوی کوشتنەکەوە نەبووە.

لە ئەمریکا ئەو کەسانەی کە بە هەڵە لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما حوکم دەدرێن، بە بڕی 175 هەزار دۆلار قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام ئەم پارەیە نە تەمەنی گەنجێتی و نە تەندروستی بۆ ناگەڕێنێتەوە، چونکە  سیمۆنس لە ئێستادا توشبووی شێرپەنجەی جگەرە و بە هەزاران دۆلاری لە کەمپەینێکدا کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەری کیمیایی بۆ نەخۆشییەکەی دابین بکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button