هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە سەرکردەکانی حەماس چڕبوونەتەوە

لەماوەی رابردوودا دووجار سنوار بە ئەستەم لە دەستی ئیسرائیلییەکان رزگاریبووە

▪️زووم..

هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە سەرکردەکانی حەماس چڕتردەبنەوە و لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکبوون لە کوشتنی سەرۆکی حەماس لە غەزە.

بە گوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان و ئەو زانیارییە هەواڵگیرییانەی سوپای ئیسرائیل لە کاتی هەوڵەکانی گەیشتن بە سەرکردەکانی حەماسدا کۆیکردونەتەوە و بەشێکیانی بە میدیاکان داوە، سوپای ئیسرائیل چالاکی و هەوڵەکانی لە خان یونس و باشووری کەرتی غەزە بە تەواوەتی چڕکردووەتەوە، بە تایبەت یەحیا سنوار سەرۆکی حەماس لە غەزە کراوەتە ئامانج.

میدیا ئیسرائیلییەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، لەو تونێلانەی کە لە چەند رۆژی رابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراون، یەحیا سنوار دوو جار و بە ئەستەم رزگاری بووە.

هەرچەندە لە 6ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا سوپای ئیسرائیل لە خان یونس ماڵەکەی گەمارۆدا، بەڵام سەرکردەکەی حەماس لەو شوێنە نەمابوو.

یەحیا سنوار لە ساڵی 2017 بۆ جێگرتنەوەی ئیسماعیل هەنیە وەک سەرۆکی بزوتنەوەکە لە ناوخۆی غەزە هەڵبژێردراوە و، لە ئێستادا سەرۆکی حەماسە لە غەزە، هەروەها لەلایەن ئیسرائیلەوە تۆمەتباری سەرەکیی پلاندانان و سەرپەرشتیکردنی هێرشە کتوپڕەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماسە بۆسەر ئەو وڵاتە، بۆیە هەوڵەکانیشی بۆ دەستگیرکردن یاخود کوشتنی چڕکردووەتەوە.

لە ئێستادا کە بەشێکی زۆری ناوچەی باکووری کەرتی غەزە لە دەستی ئیسرائیلدایە، سوپای ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرفراوانتر کردووە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ئەو تونێلانەش کۆنتڕۆڵ بکات کە لە باشووری غەزە ماون.

رۆژی سیشەممەی رابردووش دانیال هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باشووری غەزە، لە ناوچەی خان یونس فراوانتر و بەهێزتر دەکەن.

ئەمڕۆش بە میدیاکانی گوتووە، نزیکبوونەتەوە لە کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکووری غەزە و لە ناوچە نوێیەکانیش بەردەوامن لە شەڕکردن دژی حەماس.

لەلایەکی ترەوە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە، سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی لە خان یونس کردووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی فەلەستین کە لە باکوورەوە ئاوارە بوون، روویان کردووەتە ئەو ناوچەیە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ویستی بەرفراونتربوون و چڕترکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشووری غەزە و بەتایبەت خان یونس لێکدەدرێتەوە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button