ئەنجومەنی ئاسایش چاوەڕێی ئەمریکایە بۆ بڕیاردان لەسەر ئاگربەستی غەزە

▪️زووم..

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنە گرنگەکەی بۆ دەنگدان لەسەر ئاگربەست لە غەزە دواخست بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە پاش ئەوەی ئەمریکا داوای کاتی زیاتری کرد بۆئەوەی بزانن دانووستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان بە کوێ دەگات.

 

چەندجارێ ئەنجومەنەکە هەوڵی داوە بڕیارێک بدات بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە شکستی هێناوە، دانیشتنی ئەمجارەش چەند جارێک دوادەخرێت چونکە ئەمریکا دەیەوێت خۆی لە دووبارە بەکارهێنانەوەی ڤیتۆ بەدووربگرێت.

 

بەگوێرەی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی پڕۆژەبڕیارێک لە ئەنجومەنەکە دەربچێت، پێویستی بە نۆ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەکەیە کە لە 15 ئەندام پێکدێن، لە کۆی ئەو ئەندامانەش، پێنج وڵات ئەندامی هەمیشەیین و دەسەڵاتی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارانەی لە ئەنجومەنەکەوە دەردەچن، واتە هەریەکێکیان رازی نەبن، بڕیار دەرناچێت.

 

بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش پابەندکەرن، واتە لایەنی پەیوەندیدار دەبێت بە ناچاریی پێیەوە پابەند بێت و جێبەجێی بکات. لە ئێستادا نەتەوەیەکگرتووەکان هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە دڵی ئەمریکا رازی بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڤیتۆ بەکارنەهێنێت، چونکە لە رەشنوسی پڕۆژەبڕیارەکەدا هاتووە ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیەندرێت، بڕیارێک کە ئەمریکا لەگەڵیدا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدایە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس و ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان، ئاگربەستێکی کاتی رابگەیەنرێت.

 

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا دووبارە ڤیتۆ بۆ بڕیارنامەکە بەکاردەهێنێت، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی هاوکارییە پێویستەکان بۆ غەزە لە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئاستەنگی بۆ دروست نەکرێت.

هەوڵەکانی ئەنجومەنی ئاسایش لەکاتێکدایە لە دوێنی چوارشەممەوە، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی سیاسیی حەماس لە قاهیرەی پایتەختی میسرە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، قەتەر و لایەنی ئیسرائیلیدا لە گفتوگۆی چڕدایە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.

 

لەو بارەیەوە واشنتن رایگەیاند، گفتوگۆی “زۆر جدیی” لە ئارادایە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێ، بەڵام حەماس سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت هێرشی ئیسرائیل بەتەواوەتی بۆسەر غەزە رابگیرێت ئینجا بارمتەکان ئازاد دەکات. ئیسرائیلیش سوورە لەسەر ئەوەی تا کۆتایی بە حەماس نەهێنێت هێرشەکانی بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە غەزە راناگرێت.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، دانوستانی چڕوپڕ لە ئارادان لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس و جیهادی ئیسلامی لەلایەک و زیندانییەکانی ئیسرائیلیش لەلایەکی دیکە.

 

لەبارەی دانوستانەکانی قاهیرەوە، جۆن كێربی، وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، “گفتوگۆ و دانوستانەکان زۆر جددین و هیوادارین بمانگەیەننە شوێنێک.”

 

سەرەڕای ئەوەی دڵنیاییەکی تەواو لەبەردەستتدا نییە کە ئەنجومەنی ئاسایش ئەمڕۆش دەنگدانەکە دوانەخات، شەوی رابردوو جۆ بایدن جارێکی دیکە بێهیواییەکانی زیاترکرد کاتێک رایگەیاند، پێشبینی ناکات بەمزووانە ئاگربەستی دووەم لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان رابگەیەندرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button